نامەی سەیید بۆ ئاوات (٥)

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید قادر سەیادەت
 1 خولەک  677 بینین
ژیانی من بە دەرد و داخ و ژانە، هەر بە نێو ژینە
کەسێ نەیچێشتبێ ئەم تاڵییە لای وایە شیرینە
لەمێژە دەنگی تۆ نایێتە گوێ، «کامیلکەس»! چ قەوماوە؟
ئەتۆ لاڵ بووی؟ زمانم لاڵ بێ یا گوێی ئێمە سەنگینە؟
براکەم! شێعری تۆ ناڵەی دڵە، هەر دڵ دەلاوێنێ
بەڵێ بۆ دەردەداران لایەلایە دەنگی ناڵینە
زەمانێ بولبولی دەنگ خۆشی ئەم گوڵزارە بووی، ئێستا
نە دەنگی ناڵە وو نایە، نە ڕەنگی جوانی نەسرینە
هەچی دەنگێکی دەیبیستم دڵم دێنێتە ژان ئەمڕۆ
سکاڵای مل بەکوێنە هەر سەدای ڕۆڕۆیە، یا شینە
بە سەرما هێندە گریاوە مژۆڵی پێ نەما چاوم
لە باخچە و باخی بێ خاوەن دەچێ بێ هەژگ و پەرژینە
لەسەر چۆم و شەتان فێنکایی ئاوێکم نەدی کاکە!
هەمووی خوێناوی جەرگی لەت لەتە، لێڵاوی ئەسرینە
لەباتی قاسپەقاسپی کەو، پەپوو دەخوێنێ لەم هەردە
لەباتی لالە و سونبوول لە باخان هەر دڕوو شینە
ئەمن بۆخۆم کە خەمبارم دەڵێم هەروەک منە «سەییدناسناوی ئەدەبی»
لە چاوی لالەوە هەرکەس دڵی داخێکی خوێنینە