ئینقلابی ئێران

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  682 بینین
ئینقلابێ کە لە ئێران ڕووی دا
عالەمێک کەوتنە نێو چاڵی فەنا
ئاڵوگۆڕێک لە وڵاتی ئێمە
هاتەدی، دەردی گرانە، پێمە
بۆت بەیان کەم بە تەواوی چۆن بوو؟
پیاوەتی و خۆشی و چاکی کۆن بوو
دوودڵی و لێک لەکوڵی و ئاڵۆزی
بێ شتی و قاتیی نان و ڕۆزی
کەژ و کۆ پڕ لە تەمی دەرد و خەمە
پڕ لە تاڵی دەسی خاوەن ستەمە
دەر و دەشت چۆڵ لە کوڕوکاڵ ماوە
شیو و دۆڵ تەرمە نەماوی لاوە
چاڵ و چۆڵ تەرمی جوانی لێیە
دەنگی ئەشکەوتێ هەواڵی پێیە
پێو دەڵێ ڕۆیی زەمانی خۆشی
مافی خۆمانە خەم و ڕەشپۆشی
تازیەدارانی جوانانی گەلین
پاکمان مات و پەرۆش و کەسەلین
ئاسمانیش بە ڕواڵەت شینە
شین دەکا ئێستە هەور پڕچینە
قینی هەستاوە لە ئاکاری مرۆ
بانگ دەکاتە گەلی چەوساوە: بڕۆ
یارمەتی هەر لە خودا دەخوازین
هەرچی مەیلی ئەوە، تێکڕا ڕازین