سۆزی دەروون

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  924 بینین
ئەی سۆزی دەروونی پڕ لە ئێشم!
نۆ مانگە کە دووری تۆ دەکێشم
دەرمانی هەموو برینەکانی
تیماری دڵی بەئێش و ژانی
داغانە ،ئەوەندی دیوە مەینەت
جەرگیشی بە سیخی خەم بووە لەت
ناڵەت کە نەگا بە گوێچکەیی کەس
قازانجی لە ڕێ نییە، ئیتر بەس!
با بەس بێ، نەماوە حاڵ و باڵم
موددێکە بە سۆزی تۆ دەناڵم
تۆ ئەی دڵی لەت لەت و بریندار!
ماڵکاوڵ و هەڵوەدا و بێزار!
چەندە بەپەرۆش و چەند کڵۆڵی!
چەند مات و فەقیر و خەمبەکۆڵی!
ماوێکی وچان بدە و بزانە
ئەو خالیقی عەرز و ئاسمانە
چۆن دەرکی ڕەحم دەکاتەوە لێت
چۆن لاشی دەبا چقڵ لە سەر ڕێت
ئەو کاتە دەزانی زولجەلالە
خاوەن دەسەڵاتی بێ میسالە
پاش ئەو هەموو کۆسپە، جێژنی نەورۆز
نەورۆزێ کە بۆ مە بێتە پیرۆز
دەتوانێ لە چاڵی قووڵی زیندان
بێنێتە دەرێ گوڵێکی شادان
«کامیلناسناوی ئەدەبی» ئەوە تۆ و بەهاری شادی!
با نەمری، نەڕۆی بە نامرادی