کاسەی بەتاڵ

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  717 بینین
ئەی زەمان! ئەی کات! ئەی ڕۆژی ڕەشم!
لە ئامانج، ئاوات، هیوا، بێبەشم
تەمەن دوایی هات، هات نەهاتییە
ئەمانج و تاسە هەر ئاواتییە
پیری بە جارێ زۆری سەندووە
سەر بە لەشمەوە بە زۆر بەند بووە
هەر هاکا زانیت، بەربۆوە لە لەش
بوو بە گەپجاڕی منداڵی ڕووڕەش
با بەر شەقی دەن لێرە بۆ ئەوێ
وچانێ نەدەن نە ڕۆژ، نە شەوێ
بڵێن با بشکێ کاسەی وا بەتاڵ
هەر چاکە بێتە گەپجاڕی مناڵ
منداڵ! سەد ئامان! نەهێڵن بشکێ
لە چاوما ئابڕووی چەند ساڵەم بتکێ
دڵۆپەیێکە هەر تکا، تکا
بۆیە دەترسم، لێو دەکەم تکا
دەڕژێتە سەر ڕووی بێ ڕەنگ و زەردم
ئەویش دەبێتە سەرباری دەردم
منداڵ! نەهێڵن هێندە داماو بم
ئابڕووتکاو و زەردهەڵگەڕاو بم
ئاڵای کڵۆڵیم گەر بشنێتەوە
با ئابڕووم لە چاو بمێنێتەوە