مەولوودی
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
948 بینین
بە دڵێکی خاوێن مەولوودی دەکەم
پڕ بە دڵ شادی و خۆشنوودی دەکەم
ئەوشۆ دوازدەیە، شەوی وەلادەت
وەلادەتی ئەو خەتمی ڕەسالەت
ئەو زاتە مانگی هەر بە ئیشارە
لە ئاسمانێڕا کرد پارەپارە
دوو لەت جوێ بۆوە، هاتنە خوارەوە
چوونە باغەڵی ئەو سەردارەوە
هاتنەوە دەرێ لە هەر دوو قۆڵی
بە دەستوبرد و بە توندوتۆڵی
چوونەوە ئاسمان یەکیان گرتەوە
بوونەوە دیسان بە چاردە شەوە
نابێ مۆجزەی گەورەتر لەوە
یانی ڕووناکی و تاریکی بەوە
ئەو هاتە دونیا، تاریکی لاچوو
چرا هەڵکرا، زوڵمەت بۆی دەرچوو
مەلەک لە فەلەک هاتنە سەر زەمین
بۆ پەزیرایی موحەممەدئەمین
میوەی بەهەشتیان هێنا بە دیاری
بۆ شادییانەی مەحبووبی باری
هەی هەی لەو شەوە، ڕۆژی بە قوربان
سەد مانگی تابان هەڵات لە خۆشیان
لە حەوش و حەسار، لە دەرک و لە بان
چەپڵەڕێزان بوو، بوو بە چراخان
یاخوا بەخێر بێی شای بە تەدارەک!
قەدەمت بەخێر! مەنزڵ مەبارەک!
گیان با کێشکچی دەرکی حەوشت بێ
ڕۆحیش بە قوربان ژێری کەوشت بێ
فەڕشی حاتەمی تایی هەڵگیرا
دەرگای سەخای وی بە جارێ بەسرا
قەترێک لە دەریای سەخای تۆ بەسە
بۆ هەر زیڕۆحێ، بۆ هەرچی کەسە
شادی و سروور و فەخر و موباهات
حەسەنات، خێرات، ئاوات وەدی هات
وەک سەگان کەوتین لەبەر دەرگاکەت
چاوەڕێی لوقمەی خوانە یەغماکەت
«کامیلناسناوی ئەدەبی»! نۆرەتە لە دەرکوبانی
خۆت باش حازرکە بۆ پاسەوانی