ئەوپەڕی کوردایەتی

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  811 بینین
دەمێک بە باسی کورد نەکرێتەوە
وتەی خۆشی ئەو نەگێڕێتەوە
سپاسی لاوان بەو نەبڕێتەوە
وەڵامی کوردی پێ نەدرێتەوە
ئەو دەم و لێوە یاڕەبی ڕەق بێ
پووکی داڕزێ، ددانی لەق بێ
چاوێ نەڕێژێ کلی خەمباری
نەژیێنێتەوە کانی بەهاری
فرمێسکی سووری لێ نەبێ جاری
هەڵنەقوڵێ خوێنی دڵی هەژاری
ئەو چاوە یاخوا پڕی کەن لە خوێ
وەنەوز نەدا، ساتێ نەسرەوێ
دەستێ نەنووسێ گۆڤاری مێژوو
نەنووسێ بە خوێن، زەبروزەنگی زوو
نەخاتەوە بیر کاتی ڕابردوو
زۆرداری دوژمن نەخاتەوە ڕوو
ئەو پیلە یاخوا لە بنڕا دەرێ
لە نینۆکیڕا بڕزێ تا سەرێ
شانێ هەڵنەگرێ چەکی ڕزگاری
شان لە شان نەدا زۆر بە وشیاری
کۆڵەپشتی چەک نەبێتە باری
دەنگی تفەنگی نەگاتە شاری
یاخوا جدەو بێ ئەو شان و ملە!
یاڕەبی کۆڵ بێ ئەو دەست و پلە
ئەو پێیە نەچێ خێرا بەرەو پێش
بەرەو سەندنی تۆڵەی ئۆف و ئێش
ماندوو نەبێت و هەمووی نەبێ ڕێش
لە ڕێی خەباتا نەبێتە دەروێش
با هەر لە کۆتدا بڕزێ ئەو پێیە
بوونی پێی بێ کار پووچە، بێ جێیە