مەگرە بەهانە
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
839 بینین
قوربانی برۆتم کەسەکەم! چەشنی کەوانە
تیری موژەکەت بۆچی دڵی کردە نیشانە!
لێت داوە لە دوو لاوە کە وا هێندە بەژانە
خوێنی بدە لەو دەست و سەر و پەنجە جوانە
بۆچیتە خەنە؟! تەڵخە؛ بەسە، مەگرە بەهانە
سەیری کە لە پەروانە کە ڕەفتاری دڵی دی
بڕوانە کە پەروای نەبوو، ئەسراری دڵی دی
سووتاوە پەڕوباڵی کە ئەنواری دڵی دی
دێوانە وو سەرسامە کە ئاساری دڵی دی
بەو حاڵەشەوە دڵ کەچی مەیلی بە گەڕانە
هەر دێت و دەچێ لێر و لەوێ، بێکەس و بێدەر
عاشق بە هەموو خونچەدەم و قەددی سنەوبەر
هەر قامەتی ڕەعنایە دەبینێ، وەکوو نۆکەر،
دووی کەوتووە، بێچارە وەکوو شێت و قەلەندەر
داناکەوێ بۆم هەرچی دەڵێم، دەردی گرانە
لەم کاتە کە باری لە سەما لوئلوئی لالا
سەرپاکی چیا بۆتە گوڵ و نێرگسی شەهلا
هەرکەس بە خەیاڵێک و بە فکرێکەوە هاڵا
دڵ هەر لە خەیاڵی سەر و زولف و قەد و باڵا
دێوانە ئەوە ئەو؛ دەگەڕێ خانە بە خانە
زستان کە زەیستان بوو، بەری خستووە ئەمڕۆ
هەر لاخڕ و شیوێکی تەماشا بکەن ئەنگۆ
نوتفێکی فڕێ داوە فەقیرە بە سەری تۆ
دێ دەنگ و هەرا و شیوەن و ناڵینی بە ڕۆڕۆ
بای وادە دەدا موژدە: ئەوا کاتی گوڵانە
تاکەی بە هومێدی مەدەدێکی ئەم و ئەو بین
دواکەوتوو لە هەر خێڵ و لە کوێستان و لە زەو بین
تاکەی کەسەل و تەمبەڵ و هێند کوشتەیی خەو بین
وەک شەمشەمەکوێرە بە هەوا عاشقی شەو بین
شەو ڕۆیی، بەسە؛ هەستە ئەوا کاتی بەیانە
هەرکەس کە فکر کاتەوە لەم مەوقیعە خۆشە
خاوەن دڵ و گوڵ بێ، وەکوو بولبول بەخرۆشە
هەر سۆفیی بێ کارەیە وا ئێستە خەمۆشە
لێی لادە، کە لەم مەوقیعەدا وا بە پەرۆشە
حاڵی بە، مرۆیێکی چ بێ کەڵک و نەزانە
بێچارە «ئیمامیناسناوی ئەدەبی» کە گرفتاری خەمت بوو
شێواوی سەری زولفی ڕەشی زۆر و کەمت بوو
قوربانی تەپوتۆزی شەقامی قەدەمت بوو
پەروانەیی ڕوخساری وەکوو تازەشەمت بوو
بۆیە وەکوو پەروانە بە پەروازە شەوانە