شاری دڵ

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  8017 بینین
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، کەچی
عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ڕیزوانە، دەچم
ئەو دەڵێ نا، ڕەشە، جێڕاوگەیی شەیتانە، نەچی
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێک چووە، وێرانە، نەچی
من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە، دەچم
ئەو دەڵێ نا، زەدەیی پەنجەیی پەرییانە، نەچی
من دەڵێم مەرکەزی ئەسراری حەریفانە، دەچم
ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە، نەچی
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە، دەچم
ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرەپەیکانە، نەچی
لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سووڕ ما «کامیلناسناوی ئەدەبی»
من دەڵێم جوانە بچم، ئەو دەڵێ وا جوانە، نەچی