شاباشی بەهار
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
867 بینین
وەی وەی چ بەهارێکە! وەک جەننەتی مەئوایە
وەک بولبولی دڵ عاشق، ئاوبردەیی سارایە
نیلووپەڕی نێو ئاوان، هەرچەندە کەوا ساوان
وەک چی دەچێ ئەو چین چین؟ وەک زولفی چەلیپایە
شاباشی بەهاری کرد، گوڵ ڕشتی لە خۆ شەونم
پێشوازی دەکا بولبول، داخوازی دڵی لایە
زەرد و سپیی و شینە، چیمەن بە هەزار ڕەنگە
ڕازاوەتەوە وەک بووک، بەو ئەتڵەس و خارایە
کێو و دەرودەشت سەوزە، خونچە هەموو پشکووتن
لەم فەسڵە گوڵی نێرگس، وەک چاوی تەماشایە
سوێسن بوو زمانی گرت، لەو خۆشییە وەک شاعیر
دەیگوت گوڵە، گوڵ بووکە، هەر بولبولە زاوایە
لەم کاتە نەما کەس کز، هەر سۆفی و دەروێشن
بێ مایە و دڵڕێشن، بێبەش لە هەموو کایە
سەر هێلکە و هێلانە، کوڕکوڕ کڕ و کەو کەوتن
تەنیا دڵی ماڵوێران سەوداسەر و شەیدایە
داخوازی دڵ و بولبول هاتۆتەدی لەم کاتە
«کامیلناسناوی ئەدەبی» کە بە تەنیایە «ئاوات»ی بەجێ نایە