بەهاری تازە
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
961 بینین
ئەوا چەمەن بە عیشقی گوڵ، دەری شەعەف دەکاتەوە
بە فەڕشی بەرگی نەستەرەن، بیساتی ڕادەخاتەوە
لە هەر چڵێک و هەر گوڵێ، نەوایی بولبولی حەزین
لە هەر کونێک و قوژبنێ، سەدایی دڵ دەداتەوە
چنار و سەرو و نارەوەن، بە دەم نەسیمی بەربەیان
وەلەرزە کەوتن و دەچن، بە پیر دەمی حەیاتەوە
دەمی نەسیمە وا کە دێ، نەسیمی موشک بۆیی گوڵ؟
وەیا شەمیمی دڵستان، بە موژدەیی نەجاتەوە؟!
سریلە هاتوچۆیەتی، بە سرتە گفتوگۆیەتی
بە سروە پێم دەڵێ ئەوا بەهاری تازە هاتەوە
عەجەب بەهاری دڵگوشا، قەدەم بە خێر و جانفەزا
چ خۆشە بایە وادەکەی، کە دێتە نێو وڵاتەوە
ژیاوە دڵ بە سروەکەی، گوڵاتەشین گەشایەوە
هەرەس کشاوە سەر چیا، فەقیرە زۆر بە ماتەوە
بڵێ قشوونی گوڵ بەدڵ وەدەرخە تاکوو فرسەتە
بە تەپڵ و تۆپەوە وەرە، بە لەشکر و سوپاتەوە
ئەمن لە تالیعی ڕەشم، جەماڵی ڕووتە ئارەزووم
خزابووە هەوری نەگبەتی، ئەویش ئەوا هەڵاتەوە
لەبەر کزەی مرم سەبا، کە خونچە هاتە پێکەنین
خەمی هەزار ساڵە ئەو، لە بیر بەشەر دەباتەوە
«ئیمامیناسناوی ئەدەبی» وەک سریلەکان لەگەڵ دڵی قسان دەکا
ئەویش بە سرتە پێم دەڵێ: بەهاری تازە هاتەوە