نۆرە هەنگاوی منە

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  1542 بینین
تک تکەی بارانی پاییز وەک تکەی چاوی منە
کاتی هەڵقرچاوی باغ وەک جەرگی برژاوی منە
هەر خڕ و شیوێ تەماشا کەی، خڕی پڕ بوو لە ئاو
هەڵدەچۆڕێ لێڵ و لیخن، چەشنی زووخاوی منە
هەورە، بایە، بەفرە، بارانە، تەمە، سەر کێوەکان
هەردەمەی جۆرێکە، هەروەک حاڵی شێواوی منە
ئەمن و بەفری سەر چیاکان پێکەوە دەتوێینەوە
کاکە! ئەم زستانە بەفریش عومری فەوتاوی منە
ئەی خودا! بۆچیمە تازە ژینی هێندە تاڵوتوون
دوو برا بووین، بازی دا ئەو، نۆرە هەنگاوی منە