مەحشەر
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
1154 بینین
خاڵی نوستوو! هەستە، بەستە؛ ئێستە ڕۆژی مردنە
کاتی لێک جیابوونەوەی چاکە و خراپە کردنە
گوێت لە دەنگی نەفخی سوورە، لێ دەدا، ئاگات دەکا
پێت دەڵێ حەشرە، لە ترسان شێری نەڕ هەروەک ژنە
چاوەڕێ بن، وا تەرازووی خێر و شەڕ هاتۆتە گۆڕ
سەگ بە حاڵی ئەو کەسەی خێری بە قەد خێری منە!
باڵی ئاڵای کێیە ئەودەم سەدهەزار چاک و خراپ
دەچتە ژێر سایەی، لەوێدا چاوەڕێی لێبووردنە
ئەحمەدی موختارە، شیرین سوارە، ئەو سەردارەیە
ڕووی لە هەرکەس بوو، لەوێدا کاروباری ڕۆشنە
ئەی «شفيع المذنبينعەرەبی»! دەستی من و داوێنی تۆ
دێمە ژێر ئاڵات و ڕێم کە، گەرچی ئیحسانم ونە
وەک دەڵێن ئەمنیش لە نەسلی پاکی تۆم، ئەمما ئەمن
ڕووڕەش و خاوەن گوناهم، کارم ئارەق ڕشتنە
ئاگری دۆزەخ نەبێ، ناتوێتەوە ئەو ماڕزە
لێی گەڕێ بتوێتەوە، با ساف بێ هەروەک ئاینە