ڕۆژی زەفەر

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  870 بینین
وەرن توخوا، کە چاوم وا لە مەڵبەند و گوزەرتانە!
وەرن، ڕۆحم وەکوو پەروانە داییم دەوری سەرتانە
چران، ئەمما وەکوو خۆر دەوری خۆتان کردووە ڕووناک
شەمن، ئەمما لەباتی ئێوە دیدەم چاوی تەڕتانە
مەترسن گیانەکەم کاتی خەتەر تەئمینوو حاسڵ بێ!
کە من گیانم لە پێناودایە، قەڵغان و سوپەرتانە
بڵا تیری بەڵا هەر بۆ منی بێچارە بێ چاکە
کە سۆز و ناڵەناڵم هەمڕەهی ڕۆژی سەفەرتانە
وەرن «تورجانی» و «زەنبیلی» و «جەمیانی» خێرایەک!
موفەڕڕەح کەن دڵم، هەر چاوەڕێی باس و خەبەرتانە
مەڵێن باریوە سەرمایە، ئەویش نەیماوە سەرمایە
هەمە؛ گەر ئێوە غەوواسن، ئەشک بەحری گوهەرتانە
لە زەنبیل تاکوو ئێرە نیو سەعات نابێ بە مەعلوومی
دەسا تەیکەن بە غار ئەو ڕێ نزیکەی وا لە بەرتانە
وەرن گیانە! وەدەرخەن گەوهەرێ لەم بەحرە تا ماوم
نەوەک بمرم، دەسوبرد کەن کەسم! ڕۆژی زەفەرتانە