مەفەرموو من نەماوم
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
878 بینین
لە خەڵوەتخانەیی عیززەت، براکەم! جێت نومایانە
بەڵام بۆ هەر وەفادارێکی تۆ هەر شین و گریانە
سەرم سوڕما، دڵت چۆن هات بەجێم بێڵی بە تەنیایی؟
بە تەنیا هەر برات من بووم، لە تاوت بوومە دێوانە
دەڕۆم ئەم ماڵ و ئەو ماڵ، دێ بە دێ، ئەم شار و ئەو شارە
دەسووڕێم لەو بیابانانە، دەشت و کێو و شاخانە
دەڵێم کوا کاکی من، کوا بابی من، کوا نووری ئیمانم؟
بڵێم دوای تۆ براکەت کاری قوڕپێوانە، سووتانە
سڵاوت لێ دەکەم جوابم دەوە، هەر وەختە پەڕ دەرکەم
تکاشت لێ دەکەم: تۆزێ نەوازش، دڵ هەراسانە
«محەممەد»! تۆش بە فریادم بگە ئەی شافیعی مەحشەر
ئەتۆ بی و گەورەییت، نەختێ سەبووری، ڕۆژی ئیحسانە
برام! تۆش تۆ خودا چاوێ هەڵێنە بۆ برات، خێرە
مەفەرموو من نەماوم، تۆ «وەلی» خۆ هەر لە بیرمانە!
خودا فەرمووی لە قورئانا «وەلی» قەت نامرن، زیندوون
ئەوان ڕزقیان لە لایەن خالیقی بێ چوون و سوبحانە