عەزیزی میسری دڵ

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  902 بینین
دەڵێن گیراوە ئەوڕۆکە عەزیزی میسری دڵ، چ بکەم؟
لە پاش ئەو من لەگەڵ دڵ، شێت و پێتی وا بەکوڵ چ بکەم؟
ئەوە جوان و جحێڵ و پاک و خاوێن، بۆچی گیراوە!
منی پیر و پەشیمان و گونەهکار و خەجڵ چ بکەم؟
نەماوە باغ و ڕاغ و ڕەونەقی سەحرا، خودا مەرگێ
گوڵووکات چوو لەبەر ئەو، من لە دەشتی پڕ چقڵ چ بکەم،
لە باغێکدا کە گوڵ ڕۆیی بە تاراجی خەزان، جا من
وەکوو بولبول نەسووڕێم دار بە دار و چڵ بە چڵ چ بکەم؟
دەسم هێندە هەڵێنا بۆ تەمەننا، وشک و ڕەق ماوە
لەمەولا تاکوو ماوەی ژینمە بێ دەست و پل چ بکەم؟
گرانە دەردی دووری، بەم لەشە چۆن هەڵگرم باری
زەعیف و پیر و بێ هێز و قەوەت، بێ شان و مل چ بکەم؟
«ئیمامیناسناوی ئەدەبی» هێندی خەم خوارد، عادەتی پێ گرتووە یاڕەب!
دەسووڕێ بێ وچان، گێژە و لە دەردی چەرخوخول چ بکەم؟