زستان

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 2 خولەک  620 بینین
زستانە، بەفرە، حەشرە، وڵات پڕ لە ناڵەناڵ
دێوی سپی بە قینەوە هات، بۆتە پیرەزاڵ
هێند قورسە، هێند گرانە، هەڵستانی حەستەمە
وەک مۆتەکە لە سەر سەر و سینگانە مانگ و ساڵ
سەر سینگی گرتووین و هەناسە نەما بە کەس
کەوتووینە ژێر کلیلەوە، دەبزووینەوە بە حاڵ
ئینسان لە ژوورێ ماونەوە، وەک کەوی قەفەس
وەک مەیتە پیرەڵۆکێ لە عەرزا ببن شەڵاڵ
ماوین؛ بەڵام چ مان؟ بە خودا مەرگ خۆشترە
مەرگێکە نێوی ژینە، چ ژین؟ ژینی ترش و تاڵ
بێ باڵ نەماوە گەر دەرەتانی، تەنانەتیش
باڵدارەکان فەقیرە! هەموو کەوتوون لە باڵ!
هەر پێکەنین بوو کاتی بەهاران دەهاتە گوێ
هەر زیڕەزیڕە ئێستە لە سەرمان و زاڵەزاڵ
کیژان بە توێی کراسێ لە گەشت بوون و گوڵچنین
ئێستێ لە خۆ وەکۆوە دەکەن سەت سڕ و سیپاڵ
هێندەم تەمەن ببایە کە دەمدی بە چاوی خۆم
ئەو کاتە خۆشە دێنەوە سیسارک و پیرەداڵ
یادی بەخێرێ کاتی بەهار و کزەی شەماڵ
سەیران و شایی گرتنی لاوان و کیژوکاڵ
چەند شۆخ و شەنگ و جوان و لەبەردڵ دەچوونە باغ
بەرز و بڵند و دڵبەر و لێوئاڵ و چاوکەژاڵ
یادی بەخێرێ ئەو دەمە قاسپەی کەوان دەهات
جوانیان دەڕشت نێرە و مێ ڕیزە وردەخاڵ
ئەو کاتە، ئەو دەمانە کە خێڵ دەچنە بەندەنێ
یادیان بەخێرێ بێریی و کابانی گەورەماڵ
جێژوان بەتاڵە، داخۆ کوڕ و کیژی نیشتمان
هێشتا لە بیریانە؟ لە دڵدا دەکەن خەیاڵ؟!
داخوا دووبارە دێتەوە گوێمان و دێ بەهار
دەنگی شوان و تووڕەیی بلوێر لە هەرد و یاڵ؟
داخوا دەگەینە فەسڵی بەهار و دەژینەوە؟
وەک گیا و گوڵ لە ژێر زەوییا دێنەدەر مناڵ؟
کاکی «ئیمامیناسناوی ئەدەبی» تۆ تەمەنت زۆرە، حەستەمە!
بووژانەوەت بە تاوی بەهار، موشکیلە و مەحاڵ