کەرەی کرد بە زەنگ؟

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  742 بینین
ئەوشۆ لە بەزمی یاری شۆخ و شەنگ
عالەم خرۆشا، تێکڕا بێ درەنگ
چ بەزمێک؟ بەزمی کەی و کەیخوسرەو
چ شۆخێک؟ شۆخی بێ عار و بێ نەنگ
وا کۆڕ ڕازاوە بێ ئەغیار، ئەوچەل
بۆم تێکە مەیگێڕ، شەرابی گوڵڕەنگ
زڕە و خڕەی دڵ، ئاهـ و ناڵەی نەی
چریکەی تار و زرمە و گرمەی چەنگ
گیانم سەودا کرد بە پیاڵێک، ساقی
ماچێکی باقی دامەوە، بێ دەنگ
لەم سات و سەودا، لەم ساقی و باقی
یاران دڵخۆشن، دوژمنان دڵتەنگ
پەری چۆتە باغ، گوڵ بێ برەو ما
بێ شەوق و زەوق، بێ بۆن و بێ ڕەنگ
باخەوان ڕووتەڵ، بۆی وەدەرکەوت
وەک دەڵێن: بولبول مایەی بوو بە سەنگ
لەم گێرە و کێشەی عیشق و دڵداری
لەم هەرا و بەزمی یاری شۆخ و شەنگ
داخۆ ئەویندار چی وە چەنگ کەوت؟
یا خۆ «ئیمامیناسناوی ئەدەبی» کەرەی کرد بە زەنگ؟