تەشریفی دێ یار

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  1168 بینین
فەلەک ناڵێم دەگەڵ من ڕاست بە، هەر کەچڕۆیینە کارت!
بەڵام ئەوشۆ سەبرکە، پێم دەڵێن تەشریفی دێ یارت
ئەگەر مانگ تۆش لە کەل سەر بێنیە دەر تا ڕۆژێ، یاڕەببی!
بە ڕوو زەردی هەڵێی، شۆقی نەمێنێ نووری ڕوخسارت
نەسیمی شەو، ئەتۆش دەنگت نەیێ ئەوشۆکە تا ڕۆژێ!
ئەجەل بگرێ هەناسەت، هەر نەمێنێ شوێن و ئاسارت
کەڵەشێر، تۆش مەخوێنە، بێ هەرا و بێ دەنگ بە ئەوشۆکە!
سەروماڵ پێشکەشی باڵت دەکەم، ڕۆحم فیدای زارت
چرا، تۆش هەڵنەبی، بشکێی و نەوتت لێ بڕێ یاخوا!
بەجارێ تێک بچی، وا گەر بە سەد وەستا نەکەن چارت
خروس بێ دەنگ، نەسیم بێ هەست، چرا کووژاوە، مانگ خۆی گرت
کەچی تۆ ئەی فەلەک سەبرت نەکرد، هەر بەد بوو ڕەفتارت!