هەرقەومە قەولی سەفەر بەریەتی
لە کتێبی:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
بەرهەمی:
موفتی پێنجوێنی (1881-1952)
1 خولەک
703 بینین
هەر قەومە قەولی سەفەر بەریەتی
ئەم کوردە دایم شەڕ لە سەریەتی
یا بە چەپۆکی دوژمن پەشێوە
بۆڵێ لە زیندان بۆڵێ لە کێوە
یا هەر خۆبەخۆ ئەنیشنە یەک
داری یەکێتی دەردێنن لە ڕەگ
ئەم داخە ئاخۆ کەی سامانی بێ؟
ئەم دەردە ئاخۆ کەی دەرمانی بێ؟
لە کوردستانا دەمانچە و تفەنگ
خۆزگە نەم ئەبیست نەم ئەدی بە ڕەنگ
وەختێ کە ئەچین پاسیان بۆ ئەبڕین
بۆ ئەوەی دز و جەردەی پێ بگرین
کەچی هەر خۆمان ئەبین بە جەردە
چەتەیی ئەکەین لەم کێو و هەردە
هەزار کار ئەکەین لە دێهات و شار
بە هۆی پاسەوە ون و نادیار
ئەو بێچارانەی کە وا ئەکوژرێن
پاسدار ئەیکوژن بەڵکوو نەناسرێن
ئەگەر نا ئەوەی چەتەی ناودارە
ڕاووڕووت ئەکا بۆ پووڵ و پارە
خۆی هاوار ئەکا من فڵان کەسم
چیت پێیە و بێنە زوو بیدە دەسم
یا بڕێک حەیوان ئەداتە بەر دەم
ئەیانداتەوە بە قیمەتێ کەم
ئاخ ئەمدی تفەنگ کۆ ئەکرایەوە
شەڕ و کوشتن و شین ببڕایەوە
فەقیریش بۆ خۆی ئەحەسایەوە
مناڵی سیسیش ئەگەشایەوە