با بە دڵ بڵێن ئەعوزوبیللا

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 2 خولەک  623 بینین
با بە دڵ بڵێن ئەعوزوبیللا
لە ئیش و کارمان بڵێن بسمیللا
نەسرەت وەردەگرین وەڵڵا وەبیللا
هەرچی وا نەبێ ئەعوزوبیللا
ناگا بەمەقسەد حاشا وەلیللا
هەرچی کە بووبێ بەخوا مردووە
وەختێک دەبینی کەوا زندووە
بەعەزێک دوودڵن هەر دەڵێن کوا
کەینێ خوا فرمووی بێدەنگ و زووە
ئەوا ئایەتی بۆ سادیر بووە
هاوار سەد هاوار بۆ شەخسی دوڕوو
لە قیامەت ئەڵێ ئەو ڕۆژە خۆ بوو
ئەمن وەحشی بووم ئومێدم نەبوو
گوێی خۆم نەدایێ ئەوەی خوا فەرموو
کە فەرمووی زالیکەل یەومولحەقوو
بیللا ئەو ڕۆژە کە ڕاستە و دەبی
خودای ناردین هەزاران نەبی
پاکیان پێ گوتین چی بووبی و دەبی
ڕێگای ڕاستیان گۆکەس بزر نەبی
وا ڕێگا دەرکەوت کەس کور نەبی
خۆ من واز ناینم لە خاڵقی خۆم
بەخۆم دەزانم بەخوا هەر دەڕۆم
هەموو سەروەتی ئەمریکاشوێنن و ڕۆمشوێن
موڵکی بەریتانی باوی بەئەستۆم
من هەر فەقیر و کە موحتاجی تۆم
خودای نەدیدەم ئەمن ناوێرم
چەند شت لە دڵدا بەتۆی دەسپێرم
هەرچەندی برسیم بەچاو هەر تێرم
هەرچەند فەقیر و بێ خێر و بێرم
ئوممەتی فەخرم بەچەشنی شێرم
گرتنی ڕێگای ڕاست بۆ ئێمەیە
چونکی لە قورئان ئیشارەت هەیە
لەپاش ناخۆشی کە خۆشی هەیە
نەفسی ئایەتە بێ هەوەنتەیە
کەوا ئایەتی عوسری یوسرەیە
چاترین کەسێ کە هات بۆ وجوود
وەک دەکەن شوکر واحید و وەدود
دەژین لە دنیا بەپشتی مەعبود
جەیشی تەپۆیە شرتەی عەنکەبوود
بڕوای پێ دەکەن مەسیحی و یەهود
ئەی خوا پەرستان وەرنە نەدامەت
هەرچی بکاتن نوێژ و ئیقامەت
یا بڵێ شێخم ساحیب کەرامەت
بەدیاری دەخا ڕۆژی قیامەت
خوا بوو خوا بوو یا بۆ زەعامەت
سەری حیکمەتان لەخوا ترسانە
لەخوا ترسەکان سامیان گرانە
چونکە ڕێگایان ڕێگای ئینسانە
نەمیم و حەسوود حیزبی شەیتانە
ڕێگای خواپەرست ڕێگای قورئانە