هەر لە مناڵی هەتاکوو پیر بووم
لە کتێبی:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
بەرهەمی:
موفتی پێنجوێنی (1881-1952)
2 خولەک
759 بینین
هەر لە مناڵی هەتاکوو پیر بووم
خۆ من لەلای خۆی هۆشیار و ژیر بووم
لە ڕاتبەکردن بووم بە تووتنچی
ئەگەر شێت نەبم لە تووتنم چی
بۆ بە دەستی خۆم خۆمم کرد بە پەند
بووم بە شەریکی خەمی دەوڵەمەند
گەر تێگەیشتن وا بێ کە من بووم
پێویستی ڕەجمم هەتا نەمردووم
نە قەرزداری حاجی و توجار بووم
نە خاوەن قەرزی پووڵی هەژار بووم
بێ دەرد و بێ خەم هەتا بەیانی
خەو بوو خەندە بوو جاجار گۆرانی
سەر لەسەر سەرین لە کاتی شەودا
وڕێنەم نەبوو لە شیرینخەودا
ئێستە بە تووتن شەو ئەڕاوێنم
وەک دایک ڕۆڵەی خۆم ئەلاوێنم
کە جگەرەش ئەخۆم بە ڕێگا ئەڕۆم
لە جیاتی ئاغزەی ئاگرەکەی ئەخۆم
زۆری پێ ناچێ خۆم و هاوسەران
دەرچین بە شێتی بڕۆین بۆ گەڕان
نە خەمی تووتن نە ترسی قانوون
نە چاوەڕوانی دەستی بێوەژن
ئەرزی ڕەق لەلام لێفە و دۆشەک بێ
بزنێک لەلام سەد خان و بەگ بێ
لەم لاوەش ئەڵێم کەس خەتای نەبوو
شێتی و بێهۆشی کەس لەلای نەبوو
چونکە پارەی پار ئەباری بە بار
دەستوبردمان کرد لێی کەوتینە کار
وتمان با ئەمساڵ هاوسەر کەم نەبین
بۆ پارەکەی پار تووشی خەم نەبین
ئەوەی پارەی بوو لە زۆر و لە کەم
بێ پارەش کەوتە دەستبڕی و سەلەم
هەردوو بەگورجی و بەپەلە و تەکان
بۆ دامەزرانی ئەم پایە گەڕان
گەر نەگبەتی هات سواری ئەقڵ بوو
هەرچیمان هەبوو لە دەستمان دەرچوو
ئێستا دەست بڕا لە هەموو لایە
نۆبەی ڕەحمەتی دەرگای خوایە