مەکتەبی پێنجوێن ئەمساڵ بە شەوقە
لە کتێبی:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
بەرهەمی:
موفتی پێنجوێنی (1881-1952)
1 خولەک
770 بینین
مەکتەبی پێنجوێنناوی تایبەت ئەمساڵ بە شەوقە
منداڵمان لەگەڵ خوێندن بە زەوقە
چونکە مامۆستا یەک لە یەک زیاتر
دڵسۆزن بۆیان لە باوک چاتر
بێینە سەر باسی باوکی مناڵان
ماڵیشیان ئەگەر بڕوا بە تاڵان
پێ خۆشحاڵ ئەبن ببینن بە چاو
ڕوو لە بەرزی بن هەنگاو بە هەنگاو
بۆ ڕاستی قسەم لەم زستانەدا
حەفلەیەکیان کرد لە چاخانەدا
وتیان پێویستە ئیعانەی فەقیر
بۆ بەرزی وەتەن ببن بە دەستگیر
هەرکەس لەئاست خۆی بە ڕووی خۆشەوە
بۆ ئەم خزمەتە هاتە پێشەوە
مەئموور و حاجی حەمماڵ و بەققاڵ
هیچ کەسم نەدی نەبێ پێ خۆشحاڵ
هەر لە دە دینار تا پێنج و تا دوو
بە ساتێ دووسەد دینار کۆوە بوو
جێگەی سوپاسن میللەتی پێنجوین
بۆ ئەم خزمەتە یا خوا هەر بژین