کوڕم گوێ بگرە گەر هوشیار و مەردی
لە کتێبی:
دیوانی موفتی پێنجوێنی
بەرهەمی:
موفتی پێنجوێنی (1881-1952)
1 خولەک
945 بینین
کوڕم گوێ بگرە گەر هوشیار و مەردی
بزانە چی ئەڵێم تا سەر بە وردی
هەتا گەنج و بەهێزی بۆ ژیانت
بڕەنجێنە لەشت بۆ بەرگ و نانت
بینایەک بێنە دی بۆ حاڵی پیری
دروستی کە بە هوشیاری و بە ژیری
نەبێ چاوت لە قەسری خان و بەگلەر
کە نەخشاون بە خشت و بەردی مەڕمەڕ
ئەبێ نەڕوانی بۆ پارەی ئەم و ئەو
بەڵام چاوت بسووڕێ لابەرێ خەو
بزانە و تێ بگە ئەم قەسر و پارە
بناغەی ڕەنج و زۆر و ئیش و کارە
ئەمەش فەرموودەیی زاتی خوایە
مەڵێ قسەی هەروا بایی هەوایە
خوا فەرمووی بەبێ ڕەنج و تەقەللا
بەشەر سەر ناکەوێت ناچێتە باڵا
کە وا بوو هەوڵە بۆ هەر ئیش و کارێ
نەبینرا بۆ کەسێ فلسێ ببارێ
بە کۆشینە هەموو نۆشین و پۆشین
لە بوونا جوانە هەر دوو شادی و شین
بە ڕووسووری ئەژی ئەم ڕێگە بگری
حوڕ و سەربەست ئەبی هەتتاکوو ئەمری