هەر وایە کاکە
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
2 خولەک
567 بینین
گەر چڵکن نەبی لاشەت ناخورێ
زەنگینیش نەبی ماڵت ناخورێ
فرمێسکی چاوم وەکوو کانییە
وەک گەنجی سوورە وەکوو کانییە
چونکینێ پولێ دەکا سەرمایە
بۆیێ هاوینان لەلای سەرمایە
لەتاوی باڵات پیشەم زارییە
ناوی تۆم هەرکات لەسەر زارییە
بۆ جونان دەدەن بەو تازەلاوە
پێی دەڵێی بچۆ کاکە بەم لاوە
ئەگەر بانەهات لە ئاسمانی شین
بۆچی دەکا وەیلا و هاوار و شین
نازانم چ بوو ئەو دەردە لۆمە
هەرچی هەڵبستێ دەمان کا لۆمە
زۆر سەیرە لەلام ئەو لاوە ڕووتە
ئەتۆی خۆش دەوێ عاشقی ڕووتە
هەندە عاقڵ و زانا و بەهەستی
لەبەر کەسێکی نەم دیوە هەستی
هەڕەشان دەکا بەڵام بەقەستی
بەدڵ وانییە ترسانە قەستی
شەرابی عیشقی خواردووە مەستە
ئەو چاوانەی چەند خومار و مەستە
لەناو شاعیران ئەو قسە باوە
دڵی عاشق وەک پووشە بەباوە
هەندە شیرینە وەک هەنگوینی ڕاو
بەڵام بۆ عاشق وا دەچێتە ڕاو
لەبۆ عاشقی ڕووی قەستی سەر دەکا
چاوی وەک شەهێن دەشتی سەر دەکا
دڵم دانانێ قەت مەیلی ڕابی
پاشی باڵاکەی با دنیا ڕابی
هەزار جاری من جون دەی و دەرکەی
وازت لێ ناینم هەر دێمە دەرکەی
دەزانم دڵت هەر دێتە گۆڕان
بەڵام من دەمرم دەچمە ناو گۆڕان
ئەو هیچ و پوچەی بەردە با بڕوا!
زۆر بێ دەماغە گەلەک بێ بڕوا
لەو کاتی کەوا ڕۆژی ڕووت هەڵات
ڕەقیب وەک گورگ بۆ شاخان هەڵات
ئەو ڕۆژی دیتم کە بوو بەزاوا
دەتگو مانگایە وا تازە زاوا
لە یەکێک بیستم قەومێک لە قەومان
وەکوو شێرانە بوون لەلێ قەومان
پیاوێکیشم دیت دەستی کردەوە
سولحێکی تێکدا خەستی کردەوە
خۆی ڕاگرتووە دەستی لێ بەردە
دڵت لەگەڵیان وەک دار و بەردە
پێم بڵێن چەند بوو داخۆ پارەکە
باست بۆ کردم ساڵی پارەکە
دیسان بوختانت بۆ پێ کردەوە
کالەو گۆریەت بۆ لەبەر کردەوە
سامیناسناوی ئەدەبی هەرچەندە گەل وەستایە
دەستی لە ئەژنۆ لە کار وەستایە