چەشم و نیگەهـ و دوندان و لەب و خونچە بە تەنگی

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  501 بینین
چەشم و نیگەهـ و دوندان و لەب و خونچە بە تەنگی
وەکوو داری سەرو دێتە هەژان قامەتی شەنگی
دەهەژێ وەک چڵی ئەم گوڵە ون بوو بێ لە خونچان
قومری سیفەت و لەهجەیی شیرن وەک گوڵەڕەنگی
کە لەملانی کەزی سوحبەت و جەولانە بە ڕەنگی
حەلقە و پێچی دەدەن لە شکل ماری دەجەنگی
گەردەن و غەبغەب خاڵ و خەت و ئەو زوڵفی پەرێشان
هەڵدەفڕێنی دڵم وەختە لەبۆی ببمە فەڕەنگی
کە نەسیم دێ دەهەژێ گوڵ و بولبول کە دەناڵی
حەقە عاشقی بێچارە کە شەیدایە لە دەنگی
بە تاجی کەیو و فەیروز و هەزار موڵکی فەرەیدوون
لەشکری دێو و دلێر و پەری و میهتەر و زەنگی
جابول و ڕۆستەم خاوەر و کەیکا جەمشید و جامی
فیدای خونچەیی دوو دوو کە نەسیم دێت و دەلەنگی
ئەتڵەسە عیشقی غەوواسە دڵم ناژی بەبێ ئەو
لەو بەحری بە دائیم دەگەڕێ لێی بە نەهەنگی