گەر ئارەزووتە زانین بزانی

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  549 بینین
گەر ئارەزووتە زانین بزانی
وەرە دیوانم ئەگەر نەزانی
پاکی بخوێنە بەڵا بە وردی
پێشانت ئەدا سوکی گرانی
***
شێتن ئەوانەی خۆ دەکەن گران
زۆر هیچ و پۆچن بۆ خۆهەڵکێشان
جەهل دادەنێن بە عیلم و زانین
وەختێ دەبینن لە ڕێگا پسان
***
ئەو فکرەم کردیە خۆ من دەمێکە
هەر شتێک هەبێ دیارە شتێکە
بەسیە هەڵپەڕین لە هەوراز و لێژ
غەمی من و تۆ دیارە غەمێکە
***
یەکمان بەسام و یەکمان بێ سامین
یەکمان تەمام و یەک ناتەمامین
وا لە بن باری سوک و گرانین
دوعا هەستانە خەڵاتی ئامین
***
بەم وەختە دەڵێن ئاخری زەمانی
ئینسانێکی باش لەبۆ ژیانی
سەری شۆڕ بکا لەبەر ناکەسێک
فائیدەی کانی بوونی ئینسانی
***
ئەو وەختی ناکەس گەورە ئینسانە
هەنگێ تێک دەچێ حاڵی جیهانە
قیمەتی ئینسان دەبێ بە کاغەز
بڵێن کەر تۆپی و شایی سەگانە