خودا چیم لێ قەوماوە بۆ بەختی من داماوە
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
855 بینین
خودا چیم لێ قەوماوە بۆ بەختی من داماوە
وەکوو پیرێکی سەد ساڵی بە گەنجیم پشت چەماوە
چەمیوم میسلی گۆچان کەوتمە ناو دەرد و غەمان
وەک داری دێمە کاری لە چیا و چۆڵا ڕواوە
لە چار فەسڵان سووتاوم نەماوە قوتی چاوم
زستان لە بەفر و باران هاوین لەبەر هەتاوە
بە هاوین لەبەر هەتاو وەکوو تەیری پەلشکاو
لە تاوی هیجری یارە خواردن و خەوم نەماوە
لە تاوی دەردی یارم نەخۆش و دەردەدارم
هەر دەم عاجز و مەلول فرمێسکم وا لە چاوە
ئەو یارە قەدعەرعەرە سەروە یا سنەوبەرە
زوڵفی چین چین دێتەخوار کە یەک یەکو بەداوە
داو بەداو دێتەخوارە وەک خونچەی نێو بەهارە
دەمی ڕووی دادەپۆشێ دەمێ پەرش و بڵاوە
دەڵێن سامیناسناوی ئەدەبی کوژراوە تیری موژەی لێدراوە
قاتیلی من بناسن پەنجەی سووری خوێناوە