شینی بانە
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
1 خولەک
658 بینین
قانوونی دنیا هەر وایە
خۆشی ناخۆشی لە دوایە
ئەو بانەی شاری بێ وێنە
ئەو ساڵ چەشنی گۆمی خوێنە
ئەو بانەی وا خۆش و دڵگر
ئەو خەڵکی دڵ زیندوو و نەمر
«با»ی با بردی هەر «نە»ی ماوە
بۆ شین گێڕان هەر نەی ماوە
تەرزەی بۆمی پێدا باری
ون بوو شوێنی شوورەی شاری
لەو شارەی سەر سەوز و شینە
ئەجەل کردی وەک مەل چینە
بێ هیوا مان کیژ و لاوان
بەچکەی بێ تاوان بێ باوان
شەوی شایی بووک و زاوا
ڕۆژی هیوایان بوو ئاوا
خوێناوی بوو دەسرەی هەوری
پس پس بوو زنجیرەی دەوری
گوڵ پەڕپەڕ بوو بولبول ناڵی
پەروانەم دی سووتا باڵی
بۆمی بەعسی جەرگی بڕین
خارا و تارای لێ هەڵدڕین
ئێستا گشت ئەو دار و چێوە
پەڵە و شوێنی خوێنی پێوە
خزم و دۆستی تازە و کۆنە
کوژران کێ ما بێژێ چۆنە
با ڕەشپۆش بن هەوراز و چڕ
شینگێڕ بن کەوباڕ و کوڕکوڕ
بی مەجنوون با خۆی ڕاژێنێ
فرمێسکی شەونم بڕژێنێ
جەرگم سووتا بەس کەم بەحسی
یا خوا ماڵ وێران بێ بەعسی