بەیتار

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 2 خولەک  519 بینین
جارێکی دەڵێن ژنی فەقیرێ
چۆ خەزمەتی خانمی وەزیرێ
پێی گوت شووەکەم گەلێ فەقیرە
پێویستی بە کۆمەگی وەزیرە
کارێکی مناسبی بداتێ
بێچارەیە زۆری خێر دەگاتێ
چوو پێی گوت وبیستی، ناردی هێنای
دی موستەحەقە گوتی لەڕێی خوای
دەتنێرمە ڕەوەی بە نێوی بەیتار
مەخولێوە لەوانە چیدی بێکار
گیا زۆرتری خاوەنی خەواسن
گیا هەڵکەنەکان ئەوان دەناسن
لەو بەندەنە هەڵکەنە لەمانە
ویشکی کەوە بیخە ناو هەمانە
هەرماین و ئەسپێ دیت نەخۆشە
واسەی مەکە شین و ڕەش مەپۆشە
نەختێ لە گیاکەتی بنێ دەم
چابوو ئەوە چاک؛ نەبوو جەحەندەم
دوای ماوەیەکی فەقیری تایین
بۆ نەبووە پزیشکی ئەسپ و مایین
ئەمجارە کە فیلی شا نەخۆش بوو
شا خۆشی دەویست و بۆی پەرۆش بوو
گوتیان لە ڕەوەی هەیە پزیشکێ
عەقڵی بە هەموو شتێکی دەشکێ
شا گوتیە وەزیر بنێرە با بێ
دەرمانی بداتێ بەڵکە چا بێ
سوارێکی هەنارد و پیادەیەک هات
وێستا بوو جەمات و فیل و شامات
کابرا سەری لەو جەماتە سوڕما
قەت فیلی نەدیبوو واقی وڕما
دەم داچەقی لووتی فش بوو، چاو زەق
وەک خولخولەیەک لە دەوری مەزرەق
سووڕا و خولی دا نە شەش نە حەو جار
ترسی هەبوو بۆی بەرێ پەلامار
شاپرسی ئەرێ وەزیر چ باسە؟
ئەو دوکتورە بۆچی وا هەراسە؟
تێ فیکرە قسەی وەزیری دانا
چ جوان و عەقڵ پەسندی دانا:
لێی سوورە کە فیل هیلاکە قوربان!
چارەی نییە خۆی دەکاتە قوربان
شا ڕۆیەوە ژوور و ئەهلی دەربار
ڕۆیشتن و ما وەزیر و بەیتار
پێی گوت ئەرێ ئەی پزیشکی نادان
پێم نەگوتی دەوا بە چارەوا دان؟
ئیتر خول و سووڕەکەت لەچی بوو؟
قوربان بەسەرت خەتا لەوی بوو
خۆ من قسەکانی تۆم لەبیر بوون
بۆم لێک نەدەبووە لای سەر و قوون
دەخولامەوە لای سەری پەیا کەم
تا بیخەمە ناو دەمی گیاکەم
هەندیلە سەرێکی ئەو سەری میل
فەڕقێکی نییە سەر و بنی فیل
پاشی وەک سەر دەچێ و سەری پاش
پێی پانی بە عەینی لینگە بەرداش
لەو مەسئەلەدا هەمانە وێنە
ئەعما گەلی مەسنەوی وەخۆێنە
گوێ هەڵخە لە کوێرەکان ببیسە
فیل کۆڵەکەیە و بەڕە و گوریسە
تۆ ژیری لە خۆت مەکە قیاسێ
زۆر کەس هەیە گا بە گون دەناسێ