دەسەڵات
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
2 خولەک
1042 بینین
ئەی خودا چەندە خۆشە گیان کێشان
شەو لەبەر کێچ و ڕۆژ لەبەر مێشان
مەعدەنی ئەو دووەن بە قوڕ گیرێن
قەرەدا و پاشبڵاغ و دەروێشان
ئەوە نەقڵی هەزاروسێسەدیە
گەر بە شەمسیی سەنەی بدەم پێشان
زۆر وەڕەز بووم گوتم دەڕۆم دەگەڕێم
دەچمە نێو خزم و تایفە و خوێشان
چای سبەینێم نەخوارد و ڕێ کەوتم
بۆ نەهارێ گەیشتمە گامێشان
هەڵگەڕام هێندە بەندەناو بەندەن
ڕێک قول و قاچ و بەندەنم دێشان
خانەخوێ هاتەوە ئەویش وەک من
کفت و ماندوو بوو لاقی ڕاکێشان
تەختە نەردێکی کۆنی بوو هێنای
تەقە تەق وەرگەڕا شەش و بێشان
خەڵکی ئاوایی دەورەیان لێدام
هەر لە سۆفی هەتاکوو دەروێشان
جگەرەم پێبوو بەستەیەک دەم و دەست
لێم تەواو بوو لە سایەی لاکێشان
چوومە خەزمەت مەلا لە مزگەوتێ
بردمیە ماڵەوە بە ڕاکێشان
گوتی پارەم نیە دەنا موفتە
پیاوی وەک تۆ بە پارە هەڵکێشان
لە هەرای دا «حەقیقیناسناوی ئەدەبی» میوانە
بە ئەدب بن مەکەن هەرا و کێشان
شێوی لێنێن سەماوەرێ تێخەن
هۆدە ڕاخەن بە فەڕش و لاکێشان
دا مریشکێکی سەر بڕن مردین
بە لەپێنە و بە چێشتی بڕوێشان
هەر کە بۆ شەو سوپای گەنە و قوڕنوو
مشک و دووپشک و کاکڵەمێشان
حەملەیان کردمێ خودا تۆبە
ناشکوری چۆن لە پیاو دەدا نێشان
چووینە بانی دەگەڵ جەنابی مەلا
هەر دوو کەوتینە فیکر و ئەندێشان
مێش و مێشوولە شەڵغەیان دابوو
ڕێ نەما بۆ هەناسە هەڵکێشان
ئێمە چەنگ و ئەوان نەیان لێدا
سووت ئەوان، ئێمە قەننەمان کێشان
پڕی گوێم بوو لە وردە مێشوولە
پڕی چاوم لە وردە مووی جێ شان
پیس بە پیسی دەچێ گوتی بێنن
دووکەڵێ ساز بکەن تەپاڵ کێشان
قسەمان کرد هەتاکوو ئاوا بوون
مانگ و ئەستێرەکانی کاکێشان
قیل سپی بوو دەمێ بەیان بەربوو
زەردە سوبحی هومێدی دا پێشان
ئەو شەوەی تاکوو ڕۆژ مەلا نەخەوت
خزمەتی کرد و زەحمەتی کێشان
دەسەڵاتم بووایە دەمدایە
دانگ و نیوێکی گوندی ورمێشانشوێن