دارە بووز
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
1 خولەک
932 بینین
من فریزوو نیم و ناکەم نووزە نووز
سەختەدارێکم بە نێوی دارە بووز
من فریزوو نیم بە کێڵان و بژار
هەڵ کەنێم و با فڕێم دا ژوور و خوار
من دژێکی مەحکەمم لێر و لەوێ
چەرخی چەپ هەرگیز منی پێ نانەوێ
عونسورێکم بیور و تەشوێ و تەور و داس
کۆڵ و کول بوون و لە سەختیی من هەراس
تەختی خونکاری لەسەر تەختەی منە
نەرد و شەترەنجی لەسەر مەختەی منە
من بە نێوبانگم لە نیزیک و لە دوور
نەک فریزووی دەستەچیلەم بۆ تەنوور
پەل بڕینم دادەڕێژێ هۆیەکەم
چون پەرەی داوێتە ڕیشاژۆیەکەم
بەو ڕەگئاژۆیەی لە هەوراز و نەوی
بوومە سینگی سینگی چوار گۆشەی زەوی
هەر پەلێکم وا لە کێو و بەندەنێ
پێم نەوەستا بەند و شەختەی بەهمەنێ
باش تەنیومە هەرد و بەرد و دەشت و کێو
ڕۆستەمم هەرگیز دەرۆستم نایە دێو
سەختم و سەربەرزم و ئازادە ژیو
سەر نەوی ناکەم بە عومرم بۆ بژیو