زستان
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
1 خولەک
1003 بینین
دیسان بەفرانبار دای دا کڕێوە
دیسان ڕێبەندان سوپای بەڕێوە
شکست و بەستی خاتوو زەمهەریر
کەی کەم ئێستەی کەم لە هۆزی فەقیر
بای تۆڕ و باڕن بە مۆن و مرچی
سمکۆڵێ دەکەن لە غاری ورچی
بە زەبر و زەنگی نە پەل ما نە مەل
بە غوولی جەنگیی کێ بێ و بڵێ لەل
بووزی گرێدار چەند سفت و سەختە
بەستی بە شەختە دەستی لە تەختە
دەشت و بەندەنی کردە بەستەڵەک
باسی کەولێیە! بۆ ڕێوی و دەڵەک
چەقەڵ قووڕە قووڕ گورگ لوورە لوور
سمۆرەی برسی نووزەی دێ لە دوور
هاوار هاوار دێ کاڵان وەپێچن!
دەستێ کاروانی کڕێوە پێچن
گۆمی تەبیعەت گێژاوی زۆرن
بەڵام زستانان سەد ڕەنگ و جۆرن
چەرخ دەسووڕێ وەکوو دەبینی
لە بۆ من و تۆن تاڵی و شیرینی