هاوین

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 1 خولەک  809 بینین
هاوین! گەرمیی تۆ گەرمیی ئەوینە
دووریی بەهارە ئەو تاو و تینە
سێوت دەگاتێ وێنەی مەمی یار
بادام لە دووی ئەو چەشنی چەمی یار
بی مەجنوون گەرچی پرچی پەخشانە
وەک زولفی لەیلم نەکراوە شانە
بەڵام سەروی ناز لە دەم جۆباران
تەنیا وێنێکە لە باڵای یاران
بۆ تێدار چاکە سایەی داری بی
ئەمما ئەویندار سایەی یاری بی!
ئەسکەندەر تینووی ئاوی حەیاتە
حەیات ئەو کاتە دڵ وا لە لاتە
لەرزی دووریی یار زۆر دڵتەزێنە
تینی ئەوینی ئاوربەزێنە!
بڵێسەی گەرمات میوەی گەیاندێ
یەکیان دەگاتێ نۆبەی دەیان دێ
میوەی فەسڵی تۆ وا شاد و شیرین
دێنێتە بیرم فەرهاد و شیرین!
لە گەرمیی تۆیە تینی ئەوینم
لە تۆڕا پێک دێ ئاواتی ژینم