بەهار
لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
1 خولەک
1035 بینین
فەسڵی بەهارە شینن کەژ و کێو
سوورن گوڵاڵان سەوزن پەل و چێو
جوانیی تەبیعەت باغ و دەر و دەشت
پێشانت دەدا مەستوورەی بەهەشت
خوناوکە باری، چیمەن ئاو درا
چڵی گوڵی سوور بوو بە چلچرا
گوڵی سوور کردن بولبولی ناڵاند
نەمری تەبیعەت، جوانی لێک هاڵاند
گوڵان پشکووتن لە شاخ و داخان
خۆش بێ نیشتمان بۆتە چراخان
دەشت و تەلانی وەک عاسمانی شین
باغی گوڵانی دەم بە پێکەنین
گوڵ، بووک و بولبول، زاوا و باڵداران،
لە سەیر و سەمان سوبح و ئێواران
تەرازووی خەیاڵ دەکا سەنگ و سووک
بۆ زێڕوەشانی شانی زاوا و بووک
دەنگی قەڵپەزەی ئاوی هەڵدێرە
تووڕەی تووزەلە و دەنگی بلوێرە
بەهار جامێکی جیهان نومایە
نا نا نموونەی بەهەشتی خوایە