بۆ ئەنوەری حەمە برای کاک ئەحمەد

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 2 خولەک  724 بینین
نەوباوە و نەوڕەس نەوگوڵی نەورۆز
ڕووخۆشی خۆشی وەک گوڵی نەورۆز
گوڵی نێرگسی باغچەی شاکەلی
دەوای زامانی دڵی پر لە سۆز
***
لە حوجرەی دڵا جێگەی تەرخانە
یاری دراوی لوتفی یەزدانە
پولی یەکەمی دانیشگای دووەم
ئەمە بۆ ئەنوەر بە هیچ مەزانە
***
ڕۆژی، ڕۆشنە، نەیما لە شەوێ
وەک شێر، ڕاپەڕن هەڵسن لە خەوێ
چاوەڕێی دەس و پێنووستانە
وەتەن جار جاریش مەردمی ئەوێ
***
کێوی تەمکین بە لە دانیشتنا
ڕاس و سابیت بە لە خۆ هێشتنا
هەژار پەرست و فەقیر لاوێن بە
بیری پیریت بێ لەدەس ڕۆییشتنا
***
هیچ وێنەی نییە ئەم ڕەسم و وێنە
سەرنجی لێدەو ورد ورد بیدوێنە
بۆت بەیان ئەکا دنیا چی ئەوێ
ئازیز لەم ڕەسمە دەرسێ بخوێنە
***
ئەم وێنە جوانە لێی کردم تاسە
وتی: شاکەلیناسناوی ئەدەبیم خاسم بناسە
تۆ پیرو بە بیر پەرژینی ژینی
دەرسێکی ڕاسیم پێ بڵێ خاسە
***
شاکەل چاوەڕێی دەستی گەنجانە
تەواو بوونییەتی هێزی پیرانە
پارێزگاری ئەو بەرزی پایەیە
چاو لێوە بوونی فەرزی سەرتانە
***
خەو و خواردن و تەواوی ئاهەنگ
پەشیمانییە سەر ئەدەی لە سەنگ
بۆ دنیای دووەم بۆ بەرزی وەتەن
لەگەڵ هەوادا هۆشت بێنە جەنگ
***
پەندی پیرانە و دەرسم وەهایە
خاسی وەربگرە بۆ لەمەولایە
جەهد و سابیتی لە کاری خێرا
لەگەڵ براتا بۆ دوو دنیایە