دەردە دڵیک

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 3 خولەک  819 بینین
هەژارێکی پیر لات و ناتەواو
پشتی کۆماوە چاوی پڕ لە ئاو
ڕێشێکی سپی وەک کلووی لۆکە
پشتێکی چەماو ئەو وت گاڵۆکە
تۆزێ مەینەتی بەسەر ڕیشەوە
یەکجار لاواز بوو بە دەس ئیشەوە
برسی و تامەزرۆ خێزانە خێو بوو
لێوە لەرەی بوو بۆ شێو پەشێو بوو
بە درێژی هاوین بەو گشتە گەرما
ئەجوڵا بۆ نان بۆ بەرگی سەرما
لە کاسبیدا کشت و کاڵی بوو
داس و دروێنە هەر خەیاڵی بوو
ساڵی نۆسەت و چل و حەوتەم بوو
سارای گەرمیان پڕ تەم و خەم بوو
کولە زێڕەی دێ بەسەر خەلەوە
زیڕەی هەژاریش بەدەم کولەوە
خەلەی مامەی پیر نۆبەشی خورا
لە دە یەکێکی بۆ درەو کرا
خاڵۆی ڕیش سپی لەو دەشتە چۆلە
وەنەوزی ئەدا لە شوێن گاگۆڵە
کێشەو هۆڵەی کرد بەدەم دەردەوە
لە «کا» لە کۆتەڵ، پاکی کردەوە
کاتی ڕۆژاوا سەرکار دابەزی
شەقڵی کرد وتی مامە نەیدزی
وادەی بەش کردن سۆزی پێ درا
تەمیەی خزمەتی شێخی پێ کرا
مامەی مەینەتی لە داخی شێخا
هۆرگی خۆی ئەدا بە تێغ و مێخا
سۆزی زوو بەناز لەخەو کە هەڵسام
پاشی چا خواردن دەشت و دەر گەڕام
چوومە سەر جێزی خاڵە پیرەکەم
وەک ئێستەی خۆمە دڵ زویرەکەم
کە دیم دەس ئەژنۆ داماو و ماتە
لە جێی پێکەنین خەمی خەڵاتە
جیزە گەنمەکەش شەقڵی شکاوە
وتم دزیوتە یا خۆ براوە
ڕاسم پێ بڵێ لەم سەر خەرمانە
ئەر نە ئەوکوتم بەو حەیزەرانە
وتی کاکە گیان دەخیل جێی سەورە
تەحقیقێ بکە بە پێچ و دەورە
باوڕم نییە تۆ دز نەناسی
ئەگەر نەیناسی مەگەر نەس ناسی
زۆر باش ئەزانی ئەم شاخ و کێوە
گەلی ڕێی گڕو دزی هاپێوە
بەناو ڕاوچین، بەکردە جەردە
لە ڕەشی شەوا دزن لەم هەردە
پاشماوەی کولە خەلە لە چۆڵێ
گردی بکاتۆ وەک من کڵۆڵێ
بە پاک کراوی لە من ناترسن
ئەی ماڵ نە هۆر لە تۆش ناپرسن
یا شێخ شەقڵی چی ئەو ماڵی خۆیە
نیوە تۆیەتی ئەو گەنم و جۆیە
خەریکی دزی گیسک و کاوڕن
هەرچی دەس کەوێ سەری ئەبڕن
ڕۆحی ئینسانیش ها لە خەتەرا
بۆ پەنجا فلس لەم دەشت و دەرا
تەقەی تفەنگە شەو تا بەیانی
عالەم ڕەوی کرد ناشێ نەزانی
سەیری دز مەکەن سەری کز بکەن
گەییە لای خودا شکاتی وەتەن
داوەر بسێنێ ئەم بێدادییە
لەدەس نیفاقا وەتەن دادییە
کولە زۆر چاکە هەر دەغڵ ئەمژێ
فیتنە خراپە گیانمان ئەکوژێ
ئەگەر ئەتوانی حەقم بسێنە
ئەگەر ناتوانی زیاتر مەمدوێنە
تاملم نییە لە ژیان بێزارم
چیم لە دڵایە ئەیخەمە زارم
وتم خاڵۆکەم چاک تێگەییشتم
تۆ هیچ و من هیچ ئەوا ڕۆییشتم
لەمە زیاتر داخ هەڵمەڕێژە
شاکتی ئێمەیش لای گەلاوێژە
بە نەی ئاسانەی ئاسمانی ئەوم
بۆیە چاوەڕێی ئاخری شەوم
داخی گرانم بۆ یەک کەوتنێ
بۆ بەرزی وەتەن بۆ نەسرەوتنێ