پەند و ئامۆژگاری

دوورووا
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 2 خولەک  1155 بینین
ئەوی لە دنیا بێ دەس داما بێ
لەبەر بێ کەسی سەری دانا بێ
داماو و کەساس سووک و ڕیسوا بێ
لەبەر دووڕوویی ئابڕووی تکابێ
حەیا و حورمەتی هیچ لا نەمابێ
لە گشت قاپیە هەر قاو درابێ
شیرینی ژینی لێ تاڵ کرابێ
بە پاڵە پەستۆ تێ هەڵدرابێ
یەکدەفعە لە گیان جاڕس کرابێ
لە ناو عالەما ئابڕووی برابێ
لە ڕووی ڕاستی ڕووی هەڵچەرخابێ
بە ڕێی ڕاسەدا یەک پا نەنابێ
ئەوە درۆیە دەردی بێ دەرمان
توخنی نەکەوی ئامان سەد ئامان
***
دەردی سیلییە خوێنەکەی پیسە
چاوت لێ نییە چەن ڕەنگی سیسە
دەسم دامانت لایا مەوێسە
خۆتی لێ لادە ڕێسە و گوریسە
لە نامەردیا یەکەم خەسیسە
تێ هەڵدراوە چاوەڕێی لیسە
بە مەولانا واو ئاغەی کلێسە
وە پیری شاکەل وە شای چوێسە
سوێنی لێ بخۆ هیچ تیا مەوێسە
قەت چارەی نییە ئەم دەردە پیسە
دەردی بی دەرمان درۆی بێ سامان
توخنی نەکەوی ئامان سەد ئامان
***
گەڕوو گولێکە ساوی تکاوی
ها بە کۆڵیەوە عەبای بەدناوی
نیشانەی شانی شان داچۆراوی
نەجمە و تاجییە سووکی و داماوی
عیلاج ناکرێ چارەی تەواوی
دەر بەدەرچی لە ناو ئاوایی
زووم تێ گەیانی لەبەن و باوی
ئاگات لە خۆت بێ نەکەوییە داوی
دەردی بێ دەرمان درۆی بێ سامان
توخنی نەکەوی ئامان سەد ئامان
***
مەپرسە ئەحواڵ ڕۆژی جەزاکە
بیگرەو ڕاکێشە و کۆتی لە پاکە
حەفتا گەز زنجیرملی پیاکە
«الاالابد»عەرەبی بێ وەک دنیا مەکە
دەس لە بانی دەس مێخی پیاکە
مەواشیر وە شەوق ڕووی لە خوداکە
بۆ بڕیارەکەت سادەی وەفا کە
هیچ ڕێگەت نییە ئازاری سا ڕاکە
یا وەکوو دنیا پشت و پەناکە
دەرناچی لەدەس تەنها خوداکە
دەوای ئەم دەردە پێت بڵێم کاکە
ڕەفیقی مەکە پڕ بە پێ ڕاکە
دەردی بێ دەرمان درۆی بێ سامان
توخنی نەکەوی ئامان سەد ئامان