دڵم نایێ بە دڵما بێ خەیاڵی نەودەمێکی تر
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
2 خولەک
1019 بینین
دڵم نایێ بە دڵما بێ خەیاڵی نەودەمێکی تر
بە تاڵە هەر خەیاڵێک و مەحاڵە مەحرەمێکی تر
نەماوە هاودەمێکی وا دەمێ بێتاقەتیم دەرکا
خودا بمکا بە قوربانی زمان و هاودەمێکی تر
چە شورێکی لە مەردم دا شعووری ئادەمی ڕۆیی
لە بۆ ئەم عالەمی هاجە مەحاڵە هاودەمێکی تر
چییە ئەو پووڵ ئەو پارە دڵ و دنیا بسووتێنێ
بە کوێ چوو ئەو هەموو فلسە ئەسەف بۆ دەرهەمێکی تر
کە چاوم کەوتە ناجنسی دڵم خوێناوی تێ زایی
خودایە هەڵنەیێ چاوم بە ڕووی نامەحرەمێکی تر
ئەوەندە ناکەسم بینی کە چاوم مەردمی ڕۆیی
مەگەر بۆ دیتنی دیدەم دووبارە مەردمێکی تر
دە بەسمە ئەم دەمە تێری تەماشای باغی حوسنت بم
ئەبێ کەی پێم بسەلمێنی ئەمێنم بۆ ژەمێکی تر
چە خۆش بوو ئەو دەمە وا من هیلاکی ڕێی دووڕۆ بووم
خودایا بمژێنی تا ئەبینم سەردەمێکی تر
کە چوومە خانەقای دووڕۆ سەرم سوڕما لە عاداتی
کە وەک ئەم عالمە تێک چوو موهەییا عالەمێکی تر
بە چاو پێکەوتنی بوو وا لە دڵما دەرچووە حەسرەت
خودا کەی بێ دەمێکی تر لە دڵ دەرکەم خەمێکی تر
لە دڵما دەرنەچوو مەیلت بە دەرد و مەینەتی دونیا
خودا لوتفی ببێ با دووسەد پێچ و خەمێکی تر
لە تێکۆشینی گەنجیما بە با چوو بەرهەمی عومرم
لە پیریما نەسووتێ یا ئیلاهی بەرهەمێکی تر
لە حاڵی شاکەلیناسناوی ئەدەبی پرسە کە چۆنە زامی کۆنە و نۆ
خودا ئەمجا بنێرە بۆم دەستێک و مەلهەمێکی تر