غەزەلی سێیەم
هاتنەوەی پاییز و نەهاتنەوەی ئازیز
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
2 خولەک
854 بینین
گەرمی گەرمیان نەما تەئسیری
ئەبەخشێ ژیان هەوای دڵگیری
لە پێنجوێن خوشتر دەشتی شاکەلە
چاوەڕێی ڕێگەی شاگوڵی گەلە
شنەی نەسیمی پای هەردی شاکەل
بێ تۆ بێ تامە لەبەر چاوی گەل
گەل چاوەڕێتە بچووک و گەورە
دەورەی زانکۆیە بێتۆ لەم دەورە
یارانی زانکۆ ئەمسەر تا ئەو سەر
تۆیان مەنزوورە کاکە شێخ ئەنوەر
چاوەڕوانی تۆن ورد و هەراشی
ڕێگەو بانەکان ئەکەن ئاوپاشی
بۆ سلێمانیت نایە بە بیرا
بێ تۆ تیایە لە جوان و پیرا
پاییزە و جەژنە و شادی و ئازادی
یاران دەس لەمل موبارەک بادی
شەوق و سەفایە، بەزمی یارانە
زەوقی هاوسەران هەروەک جارانە
دەس لە گەردنن یارانی گیانی
شەیدای ئیشارە و نیگای نیهانی
سەرخۆشی خۆشی پاییز و جەژنن
شێتی بێ خەوشی باڵاو و بەژنن
هەریەک وە ڕەنگێ دڵی ڕەنگینە
لێوی پاراوی پڕ پێکەنینە
من نەبێ بوونم هەروەک نەبوونە
دەنگی زایەڵەی سازم زەبوونە
پاییزو جەژن و زانکۆ و زانینە
بۆ دیار نەبوونت دیدەم نەبینە
چون نادیاری یاری دیاری
جەوهەری گەوهەر دانەی مرواری
دیاری دیار هەر تۆی نادیار
بەسیە سەیرانی سەر هەردوو دیار
قەوسی پاییزە و بەرزی بێ تامە
لەم کاتە شاکەل جێگەی ئارامە
بەسیە پێنجوێن بەفر ئەبارێنێ
شاکەل بارانی دەشت ئەڕەنگێنێ
خۆ هاوین ڕۆیی ئەوا پاییزە
کاتی گەڕیانۆی گەلی ئازیزە
تاقەتم نەما بە چاوەڕوانی
بێ تۆ بێزارم لە زیندەگانی
ڕجایە ئەمجار ڕۆحی شیرینم
بێرۆ نەک بمرم ئیتر نەتبینم
تۆ عیسای مریەم مریەم مەمرێنە
بۆ ژیانەوەی موژدەی بۆ بێنە
شین و زایەڵەی بەرزە بە بێ تۆ
ئەترسم ئاخر ببێ بە ڕۆ ڕۆ
بە گەرمی دووری مانگی کەنعانی
پیرێکی بێزار لە زیندەگانی
وا لە سووتانا وەک شەمعی شەوان
چاوەڕێی ڕووی تۆی وەک شەوقی
ئەر گورگی مەرگت نەبووە بە میوان
ئەی بۆ نایەیتۆ بۆ دەشتی کەنعان
گەر چاڵی مردن قووتی نەداوی
سامریەم دەرکە لە دێی داماوی