غەزەلی دووەم

شین و مەرسییە موختەسەر بۆ دوا کۆچی ئەنوەر
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 3 خولەک  579 بینین
ئەسەف بۆ شاگوڵی شاکەل کە بێ ناو و نیشان ڕۆیی
لە باغی ژینی بێ بەشما لە داغی نیشتیمان ڕۆیی
چە نازک شێوە گەنجێ بوو مەلاحەت میسلی گوفتارێ
ئەسەف بۆ یوسفی شاکەل بە ناکامی ژیان ڕۆیی
نە من وەک پیری کەنعانی ئومێدی ڕۆشناییم بی
نە ئەو گەڕیانەوەی ماوە بە جارێ جاویدان ڕۆیی
دەسێکی بەرز و باڵای بوو لە زانین و کەماڵاتا
ئەسەف ناکات و ناکام و بە دەس جەوری زەمان ڕۆیی
هەوای سەرکەوتنی هۆزی لەسەردا بوو بە سەرمایە
ئەسەف بەو حەسرەت و ئێشە بە زامی کوردسان ڕۆیی
چە وەسفولحاڵی من وترا ئەوی ئەم مەسرەعەی فەرموو
گوڵێکی سەرو باڵا بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی
گەلی ساڵێکە مەئلووفی دیار و شاری کوردانە
بە هۆی زانکۆی سلێمانی لە شاری گەرمیان ڕۆیی
لە هەوڵ و کۆششی بێ بەش لە دیار و یاری مەحرومی
نەچوو بۆ مەرگی ناگاهی لەو شاکەل بۆ ژیان ڕۆیی
شەوی حەڤدەی تەمووزی هەفتاوچواری زایینی
کە بۆ سەردانی پێنجوێنشوێن چوو کەمێ پێشی بەیان ڕۆیی
ئەڕۆیی ڕووبە ڕووی دووڕۆ بە پێشوازی حەمە و عوسمان
ئەسەف سەف سەف لە دڵمایە کە هەروا بێ ئەوان ڕۆیی
لە دوای کۆچی ڕەوانی ئەنوەری خاوێنی خاوەن پیر
لەسەر عەقڵ و لە دڵ سەبرو لە تەن تاب و تەوان ڕۆیی
ئەزانی شاکەلیناسناوی ئەدەبی بۆچی لەدوا کۆچی ئەوا ماتە
لە گوێ بیستن، لە چاودیتن، لەدەم نوتق و زوبان ڕۆیی
کزەی زامی فیراقی ئەو چزەی ئازاری بێزاری
لە دڵما هەروەکوو خەنجەر لە جەرگا وەک سنان ڕۆیی
چە داخێکی لە جەرگا نابە مەرگی پڕ لە ئاواتی
دڵی کردم بە گوڵزار و بە بێ شەرح و بەیان ڕۆیی
بە نازگ تەبعیا دیارە لە خاک و ئاوی پێنجوێنە
تەبیعەت بۆیە ڕای کێشا وەکوو عومری جەوان ڕۆیی
ئەسەف سادەی بناڵێنە لە داغی باغی عومری من
لە جویباری ژیانمدا وەکوو ئاوی ڕەوان ڕۆیی
شەهیدی ڕێگەیی عەشقە و وەتەن مەحبووبی خاسی بوو
بە ئیمانێکی باڵاوە عەجەب شاهید عەیان ڕۆیی
شەهیدی شاهیدی ئەو بوو نەوەک تەنها بە ئیمانۆ
بە فەرموودەی مەلاو عالەم و شێخ و زەمان ڕۆیی
وتم گەنجێکی وا ئەی دڵ لە دنیا کۆچی بۆچی بوو؟
وتی بۆ هاودەمی حوور و تەماشایی جینان ڕۆیی
چەنێ تارێکە ئەم دنیا لە چاوی شاکەلی چونکە
لە بوستاندا لە ناکاو و لەبەر چاوا نیهان ڕۆیی
ئەسەف سادەی لە دەف دە تۆ وەکوو دەروێشی ئاوارە
کە ئەو شۆخە وەکوو شێخی لە بەزمی جاهیدان ڕۆیی
بیحەمدیللا سوپای سەبرم بە تەعلیماتی عوسمانی
شکانی لەشکری شەک و بە ناچاری دوان ڕۆیی