شیفتەی کوڵمی کەسێکم وەسەنی سیم تەنێ
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
1 خولەک
685 بینین
شیفتەی کوڵمی کەسێکم وەسەنی سیم تەنێ
هەر وەکوو قومری ئاشیفتە لە بۆ سەرو بەنێ
بێخی ددان و لەبی ئاڵە وەکوو ئاوی هەنار
نوتقی شیرینی شەکەرڕێزە بە هەر ئەنجومەنێ
غونچەی ئاڵی دەمی ڕەشکی گوڵی ناو چەمەنە
ڕەونقی ماە ئەبا عاریزی نازک بەدەنێ
ئەو دوو ئەبرۆی کشاوەی کە لەسەر چاوی ڕەشە
هەر ئەڵێی شمشێری دەستی مەستە لە مڵکی خوتەنێ
دڵبەرێ، لەعلی لەبێ، سیم تەنێ، سێو زەقەن
بە دوو چاوی ڕەشەوە بوەتە بەڵای ئەنجومەنێ
شێت و ئاشیفتە لەبۆ سێوی زەنخدانی ئەوم
هەر ئەڵێی زەردە بەیە بێتە بەری نارەوەنێ
لازمی وەسف نییە قامەتی ڕەعنای کە بکەم
لە غەمی قەدی بڵندی خەمە سەروی چەمەنێ
جووتە مەمکی کە ڕواوە لەسەر ئەو سینەی ساف
هەر ئەڵێی سوورە هەنارێکە لە قەد نارەوەنێ
سافە ئەمسالی بلوورە خڕە مانەندی هەنار
ئەتوێتۆ لە چنا ئەم بەیە گەر دەستی دەنێ