ڕوو کەم لە یاری دێرین، یانێ نیگاری ڕەنگین
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
2 خولەک
892 بینین
لە پاش ١٤ی تشرینی ١٩٥٨ کە لە بیارە دەرچووم تاکوو ئێستە کە تشرینی دووەمی ١٩٦٢ بە خزمەتی سەماحەتی پیر نەگەیشتووم چوونکە دوور بوو لێمەوە جا شەوقی حزوور و ناتەوانی ئەم پارچە شیعرەی پێ هەڵبەستم وە پاش ئەم غەزەلەش تا ماوەیەکی زۆر بە خزمەتی نەگەیشتم وە ئەم غەزەلەی خوارەوە لە وەڵامی پرسیاری خۆیدا کە فەرموویانە هیچت نەوتووە:
ڕوو کەم لە یاری دێرین، یانێ نیگاری ڕەنگین
دەسمایەکەی دڵ و دین عوسمانی شێوە شیرین
چی بکەم نەما توانا، لە هیجری بێ ئەمانا
عەقڵم تەواوی دانا نەیماوە تاب و تەسکین
پژا دڵ و هەناوم خوێناوە ئاوی چاوم
ڕاسە بڵێم نەماوم بۆ ڕابەری من و دین
چی بکەم لە گەرمیانا، تامی نەما لە ژیانا
چارەم هەڵاتنێکە بۆ ڕۆژهەڵاتی نەخشین
بۆ ڕۆژی ڕووی پیرێ پیرێکی دڵ مونیرێ
لێوێکە پر تەبەسوم کێوێکی پر لە تەمکین
دەستی نەداتە دەستم دەرچم لە دەستی هەستی
ترسم هەیە لە دەستی مەستێکی بێ دڵ و دین
بمدەنە بەر زلەی زۆر، ڕاوم بنێ هەتا گۆڕ
هەر وا بە ناکەسی چم بۆ ڕۆژی ترس و لەرزین
یاڕەب منی پر خەتا، نەمرم بە ناکەسی تا
دەستم ئەگاتە دەستی پیرێکی جوان و نوورین
یەعنی سیراجەدین و بەدری مونیری تابان
عوسمانی شێخی ئێمە و ئێمەی لە سینە نەقشین