پێشەکیی هەژار

لە کتێبی:
چەپکە گوڵ
بەرهەمی:
هەژار
 3 خولەک  942 بینین

کۆمەڵە شیعری «شامی»، کوردی کرماشانیم خوێندەوە، دەگەڵ هەر شیعرێکیدا بزەم دەهاتە سەر لێوان و کزەم لە جەرگەوە دەهات، زەردەخەندەم دیت بە سەر گریان هەڵکێشراوە، خەم و مەینەت بە بێژنگی گەپ و گاڵتە دابێژراوە، هەناسەی سارد، لە دڵێکی گەرم و بە کوڵ هاتۆتەدەر، ژەهراوی تاڵاوی ژیانی پڕ لە ژانی چارەڕەشێک، کەفی گەمە و تیز بە دنیایە کردنی، هاتۆتە سەر.

ئەوی ڕاست بێ، تا خوا حەز ئەکا شیعرەکان تەڕ و پاراون و لە مرخێکی زۆر ڕەوان و لەبار و جوان، خەبەر دەدەن. تەنیا عەیبێک کە پیاو بە چاو هەستی بکا، کوردی بوون و کورد بوونی شاعیرەکەیە. کە بە ناشوکری خوا نەبێ، کوردی و کورد بوون لە بازاڕی دنیا، پووڵە سووتاوێکیش ناژی و کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە.

شامی سەرەڕای کوردبوونیش، تەنیا چاوی دڵی ڕوونە و لە سەرەتای ژیانیەوە لە بینایی بەش بڕاوە. هەژارێکە هیچ ئاشتەبای خوا شک نابا، شانی هەر پێست و ئێسقانی داوەتە داوەتە بەر گرانایی باری ژیان و لە تاریکی شەوەزەنگی چارەڕەشی و دوورەبەشی، دەستەکوتە و پەلەقاژەی بژیو پەیدا کردنیەتی، ناوی ژیانی بە ڕەحەتی و ئاسوودەیی، جارجار لە دەمی خەڵکەوە بە گوێ گەیوە، بەڵام هێشتا نەیزانیوە شادی بەری چ دارێکە و لەوەڕی چ هەوارێکە. واتا: ئەگەر تاوانبارانی ئاسایی لە زیندانێکدا دەگیرێن، شامی شاعیر، لە سێ زینداندا گیراوە، لە گرتووخانەی بێچاوی، لە زیندانی بێ نانیدا، لە بەندیخانەی حەستەمی کوردزوانی و کوردڕەسەنی، چوارپەلی شەتەک دراوە و قەڵەمی ئەژنۆی شکاوە، دەمی قسەی ئاخنراوە، دەرەتانی لێبڕاوە، عاسمان دوور و زەوی سەخت، بە کام کەلێندا دەرکەوێ؟ چۆن بتوانێ پەل ببزێوێ؟ چۆن دەنگ بڵند کا و هاوار کا؟ ئەوسا ئەگەر هاواری کرد کێ تێی دەگا؟ یا کێ بە هاواریەوە دێت؟ خۆ ئەگەر جار و بارەیەک دەرد و زووخاوی ژینی خۆی بە چەند شیعرێکەوە دەربڕیوە، کەس نەبووە زەحمەت بکێشێ و بۆی بخاتە سەر قاقەز و لەناو نەچێ. ئەو چەند شیعر و هەڵبەستانەی لەم نامیڵکەدا کۆوە بوون، هەر ئەوانەن کە خۆی بەرێ لە بەری بوون و لە بیری نەچووبوونەوە. خودا ماڵی کاکە ماجدی ڕووحانی ئاوەدان کا، کە فریای ئەم کەمەش کەوت و لە چاپی دا.

ئەگەر شامی سەر بە گەلی کورد نەبوایە، ئەگەر هێندە بێکەس و هەژار نەبوایە، ئەگەر لە بەهرەی بینایی بەشی بوایە، ئەگەر و ئەگەر و ئەگەر... - کە بە داخی گرانەوە هەزاران ئەگەر و خۆزیا، هەرگیز هیچیان لێ شین نەبوە - لێم ڕوونە ناوبانگی شیعری لە زۆر ئاقاران دەبیسرا.

بە بڕوای من هەر تەنیا ئەو پارچە شیعرەی کە دەربارەی «کرانشینی» دایناوە و ژیانی چینی لێقەوماوی، بەخت و ئیقباڵ وەرگەڕاوی تاڵەڕەش و ژیانتاڵی بێسەر و سامان و ناهومێد و کەسنەناس و سەرلێشێواو و کەساسی، بەو جۆرە وێنە کێشاوە، باشترین گەوای هونەر و هونەرمەندی و دەسڕەنگینی و شیعرجوانی و ڕەوانی شاعیرێ هەڵکەوتەیە.

با لەخوا بپاڕینەوە کە «شامی»ش و خزم و کەسی هاوڕەسەنی، لە ژیانی دیلی و زەلیلی و دڵبرینی و هیچنەبینی و بێمالی و کرانشینی، ڕزگار بین و بتوانین بە ڕاشکاوی، کر و هونەری هێژامان ئاشکرا کەین و بیدەینە بەر چاوی تیژی گەلانی خواپێداوی ئەم جیهانە. ئامین.