حکایەتی مەنزوومەی سەفەربەرلک
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
17 خولەک
1163 بینین
قسەیکت بۆ بکەم با وەک حیکایەت
لە مەعنادا ڕمووز و هەم ڕیوایەت
فیراقی ڕوویی یاران پیری کردم
دوو تا قەد وەک کەوانی تیری کردم
فەلەک خانەی خراپ بێ وەک خرابوو
وەکوو ئەو وا منیش پشتم دووتا بوو
غەریبی غوربەتی کردم بە جارێ
جیاگەر هەر ئەوە یاری لە یارێ
دیاری غوربەتم لێ بووەتە زیندان
لەوێ ڕۆژێ کە دوورکەوتم لە ئەوتان
سەر و ڕیشم وەکوو بەفری لە کوێستان
سەر و ڕیشم غەمی دووری لە دۆستان
کە هەر کاتێ ئەکەم فکری نیهانی
لە عەیش و نۆشی ئەییامی جەوانی
سورشکم دێ وەکوو باران لەچاوم
لە دووری ئەو ڕەفیقانە نەماوم
هەموو شەو بەزم و گۆرانی و حیکایەت
قسەی خۆش و کینایات و ڕیوایەت
تەجەمموعمان وەکوو گوڵ بوو لە گوڵزار
موغەننیمان وەکوو بلبل بە گوفتار
ژیانم بێ ژیانی وانە ژانە
ژیانێ مردنی لە دوابێ ژیانە
منیش کاتی ئەزانی چوومە لایان
ئەجەل دەورەم ئەدا بێنێ بەڵایان
لەکاتی عەیش و ئەییامی جەوانی
موسەخخەر بووم بەعەشقێکی نیهانی
وەکوو مەجنوون بە ڕۆژ وێڵی بیابان
بە شەو تا ڕۆژی ڕۆشن ئاهوباڵان
دڵی بردم بە ناز و عیشوە یارێ
چە یارێ گوڵڕوخی سیمین عوزارێ
بەقامەت هەروەکووسەروی ڕەوان بوو
بە ڕوخ مانگی چواردەی ئاسمان بوو
غەزالی عیشوەگەر پڕ خەت و خاڵی
نیهالی گوڵشەنی باغی خەیاڵی
ڕوخی هەروەک گوڵی سووری لە باغان
منیش هەر وەک گوڵی زەرد بووم لە داغان
بە زوڵفی عەنبەرین میشکی تەتاری
بە غەمزە شێری نەڕ دەبوو شکاری
برۆی میحرابی نوێژ و تاعەتم بوو
ڕوخی قیبلەی موراد و ڕاحەتم بوو
زەمانێ ڕابوراد بەم عەیش و نۆشە
لەسەر ئەم بەزم ورەزم و حاڵە خۆشە
فەلەک ڕەشکی بە حاڵی لەززەتم برد
سروور و عەیشمی بۆ حەسرەتم برد
لە تەقدیری قەزایی ئاسمانی
موسیبەت هاتە خوارێ ناگەهانی
جودایی خستە بەینی دۆست و دڵدار
خەزانی خستە بەینی باغ و گوڵزار
سەفەر بەلگ کرا ئیعلان لە عالەم
سەقەر بوو بۆ عەزابی جوملە عالەم
بڵێسەی ئاگری شەڕ هاتە جونبوش
هەموو عالەم بە جارێ کەوتە کۆشش
لە هەرلا بگرەبگرە گەر بوو پەیدا
هەموو دنیا خرۆشی لێ هەڵستا
لە هەرلا ئاشی شەڕ وا کەوتە سووڕان
گەڕانیشی بە خوێنی جوانی ئینسان
حکوومەت عالەمی بۆ عەسکەری برد
لە بۆ خەلقی شەڕی ڕووسی بەڕێ کرد
لەلایێ تر مقابیل ئینگلیسی
کە دامەزرا شەڕێکی زۆر بە پیسی
لە عومری پازدە ڕۆیی تاکوو هەشتا
کەچی کافی نەبوو لەم حەربە هێشتا
مەلا وەعزی ئەدا ئەیگوت غەزایە
لەبەر بێ عەقڵی نەیزانی قەزایە
لە مەیدانی شەڕا عەسکەر بە جارێ
لەپێش تۆپ و تفەنگ بوو تا ئێوارێ
لە جیاتی چێشت و گۆشت و نان وخوانی
سەموونێکیان ئەدانێ تا ئێوارێ
هەموو بەرگ و جل و نان ومەعاشی
ئەیان خوارد ئامران جوملە بە باشی
عەساکیر بێ لیباس ونان لە سەنگەر
لەشەڕدا بوون بە تۆپ وتفەنگ وخەنجەر
ئەمیران دوور لە ئوردوویەک سەعاتێ
لە عوشرەت قەت نەبوون غافڵ چ کاتێ
قومار و هەم شەراب و قەحبە گایین
لەوان بوو بوو بە مەزهەب هەم بە ئایین
لە حاڵی عەسکەر و شەڕ بێ خەبەر بوون
بە سەرخۆشی بە چەشنی گاوو کەربوون
لەناکاو دوژمنی دین و وەتەنمان
موهەییا بوو لەبۆ قەبر و کەفەنمان
ئەمیر و زابتان هەردەم لە ترسان
عەساکیر هەم لەبەر ڕووتی و لەبرسان
ئەسیری دەستی دوژمن بوون بە جارێ
لە برسانا نەدەکرا هیچ چارێ
لەجەبهەی حەربەوە حاڵمان وەها بوو
لە دەست سەرکاری خاین کارفەنا بوو
لە شاران دا بە بۆنەی حەربەوە زوو
ئەوەی مابوو لە مەرکەزدا تیاچوو
بە حیلەی دینەوە و ناوی غەزاوە
ئەبینن هەرکەسێ ماڵی نەماوە
زەخیرەی گەنم وجۆ و ساوار و دانووک
لە نیسک و نۆکەوە تا یەبتە سازووک
بە ناوی بەیعەوە ئەسننا لە هەر کەس
ئەیانفرۆشت هەر لە جێ مەئمووری ناکەس
کەر و ئینسان و ئێستر،پیرەبارگیر
ئەیان گرتن لە بازاڕا بە ڕەشگیر
جەنابی کاکە جەندەرمەش لەلایێ
لە شار و دێیەکان ببووە بەڵایێ
لە هەرلا پارەیان ئەستاند لە عالەم
هەتا مردن لە برسا جوملە عالەم
لەبۆ ئینسان وەکوو گورگ وبەرازبوون
لەبۆ مریشکان چەقەڵ بوون فێڵەبازبوون
بە ئاسایش ئەفەندی خۆی لەشار بوو
لەبۆعالەم بە چەشنی گورگی هاربوو
ئەوەی بۆ دین بۆ ڕێی خەتتی شەڕ چوو
لە برسا ماڵ و منداڵی بەقسر چوو
لەجیاتی خزمەتی ئەهل و عەیالیان
تەمەعیان کرد لە نامووس و لەماڵیان
هەموو ڕۆژێ شەهیدی ئەم غەزایە
بە«تەل» ئەدرا خەبەر هەرچەند بووایە
لە هەرماڵێ قیامەت هاتە مەیدان
لە دەنگی شیوەن و گریان و فوغان
گرانی هاتە ڕوو، ڕووی تێ دەکردن
ئەوەی مابوو هەموو یەک یەک ئەمردن
لەهەر شیوێ پڕی لاشەی بەشەر بوو
پڕی ئێسقانی دەست و پێ و سەر بوو
موهاجیر عالەمێکی زۆر لەبرسان
بە هاوار و بە ئەفغان و بەگریان
لە جێگەی خۆی لە برسا دەردەکەوتن
لەچۆڵ و هەرد و سەحرادا دەکەوتن
لەجیاتی کفن و دفن و نوێژ و تەڵقین
زگی گورگ و سەگانیان قەبر و تەمکین
سەبەب لێ ساندنی پارە و زەخیرە
هەتا دەمرم ئەوەم هەر وا لەبیرە
لە پاشا، قائم مقام و زابتانیش
هەتا باش چاوەش وئوباش یەکەمیش
نەیانزانی چ حاڵێکە و قیامەت
ئەیان گوت هەرچی بوو پاشا سەلامەت
لەبەزم و کەیفی خۆیام ڕانەوەستان
لە حاڵی نەگبەتی ساتێ نەوەستان
بەڕۆژ تاڵانی ماڵ و سەر لە هەرلا
بەشەو بەزمی شەراب و قەحبە بەرپا
سەگ و گورگ و بەراز و مامە ڕێوی
لە گۆشتی برسیان تێربوون لە کێوی
بە حورمەتتر بوو لاشەی کەرلە ئینسان
هەموو لاشیو و خڕ پڕ بوو لە ئێسقان
نیزام و عەسکەریش ئاخر بە ناچار
لە خەتتی حەربەوە هاتن بەرەوخوار
فیراریان کرد و هەریەک چوو بە لایێ
لەسەر هەر فەردی ئینسانێ بەڵایێ
ئەمیر و حاکم و زابت لە شاران
دەکەوتنە حەولی تەعقیبی فیراران
لەگەڵ تۆپینی کەر شایی سەگانە
بەشی گورگ وسەگە ئەم نان و خوانە
لەهەرلاما جەندرمە سواربوون
وەکوو سەگی شکاری زۆربەکاربوون
بە نان و خوانی مەزڵوومان قەڵەو بوون
لەبۆ تەعقیبی نێچیران بەدەو بوون
کە ڕوویان کردە هەرماڵێ لەدێهات
ئەیان گوت قابیزی ڕۆحمان ئەوا هات
نەیانهێشت مریشک و گۆشتی کاور
وەکوو ئیسلام ئەسیری دەستی گاور
وڵاغیان هەر کە ئالیکیان ئەدایێ
برنج و مێوژ و جۆیان ئەدایێ
تەعام و نانی عالەم هەر بەڕوو بوو
ئەفەندیش وەک سەگی بێ ئابڕوو بوو
لە هەر جێگا فیرارێکیان بگرتبا
ئەگەر پارەی هەبا ئەیکرد بەڕەڵدا
یەکێکی بێ گوناه و موفلیس و ڕووت
ئەیانگرت و ئەیانبرد بۆ شەڕی کووت
گەلێکیان گرت و کوشت و حەپسیان کرد
بە ئەزیەت ڕووت و قووت و برسیان کرد
لەئاخردا ئەمریان دا بە جارێ
کە ئێعدامە لەهەر کوێ بێ فیرارێ
ئەمەش ئەمری بوو ئەمری شێخول ئیسلام
ئەوەی ڕاکا لە حەربا بکرێ ئێعدام
لە حاڵات بێ خەبەر بوو شێخی گەواد
کە عالەمیان هەموو هەرداوە بەر باد
لەبەر بێ حورمەتی ئەو بوو کە وابوو
کە ڕێگەی شەرع و دین قەتعی نەمابوو
لە ڕێگەی دینەوە قەت نەیبوو کارێ
بە ڕیشی دا ڕیا گاور بە جارێ
لەهەر کوێ ئەمری ئیعدامی کە دەرچوو
یەکێ پارەی نەبا عومری بەسەر چوو
ئەگەر پارەی هەبا ئەویان دەگۆڕی
یەکێ تریان ئەنایە قەبر و گۆڕی
پەتوو سێدارەی مەئمووری سەگباب
وەکوو بۆ مەڕ قەنارەی مامە قەسساب
لە هەر لا شیوەن و گریان و هاوار
دەڕۆیی بۆ سەماوو چەرخی دەووار
نەبوو کەس ڕەحمێکی بە کەس بێ
بەحاڵی بێ گوناه فەریادڕەس بێ
خودا بوو بەس ئەویش یەکجار حەلیمە
لە سڕی غەیبەوە هەر خۆی عەلیمە
بڵێسەی جەرگی سووتاوی فەقیران
هەناسەی دووکەڵی سینەی ئەسیران
وەکوو تەم دای دەپۆشی ڕووی خەزرا
بە ئەشکی خوێنی چاوان سوور بوو غەبرا
ڕقی گەورەم لە شێخ و هەم مەلایە
ئەیانگوت ئەی موسڵمانان غەزایە
مەلا کاری هەموو خوتبە و دوعا بوو
لە ترسی خۆی شەو و ڕۆژ هەر وەها بوو
کەچی ئاخر لەخۆی قەوما بە پیسی
ئەیان ناردن لە بۆ پێش ئینگلیسی
کە دی خۆی ئەم هەموو ڕەنج و عەزابە
گوتی: {ويل لمن القي عذابةعەرەبی}
زەمین ئەیگوت بە گوێچکەی ئاسمانان
قیامەتتان نەدیوە وەرنە سەیران
تریشقەی تاوە بارانی فەلەک هات
وەکوو ئەو دەنگی گریانی مەلەک هات
دەباری خوێن لەچاوی ئاسمانان
دەسووتێ دڵ بەحاڵی دەردەداران
منیش یەک بووم لەگەڵ جەمعی فیراوان
بەڕۆژو شەو لەشاخ و کێو ساران
بە ڕۆژ دایم لە ئەحواڵێک و داخێ
بەشەو هەریەک لە ئەشکەوتێک و شاخێ
لە جێی ڕایەخ هەموو کوچک و کەڵەک بوو
لەجێی پێخەف سەماوات و فەلەک بوو
دەوامی بوو هەتا نێخیکی ساڵێ
نەمان وێرا بچین جارێ بۆ ماڵێ
جودابووین هەر یەکێ ڕووی کردە کارێ
هەتا مانگێ هەموو گیراین بە جارێ
لەپاش لێدان و پێدادانەکی زۆر
خراینە حوجرەی حەبس و کونی ژۆر
لە دەست و پێ و مل بوو تەوقی زنجیر
وەکوو گاجووت لەسەر شان و ملم نیر
بە ڕۆژ و شەو لە ژووری تەنگ و تاریک
لە برسانا زەعیف و زەرد و باریک
لەپاش چەندی لەبۆ مەرکەز بەڕێ بووم
لە قاتیل خانەدا جێگیری جێ بووم
لەپاش چەند مەحکەمە و هەم قال و هەم قیل
نەجاتم بوو لە ئیعدامی بە بەرتیل
دەوامی برسیەتی و گرانی لەکار بوو
لەژووری حەپسەوە هاوار و زاربوو
هەموو ڕۆژێ ئەمردن هەشت و نۆمان
نەبوو یەک کەس کە تۆزێ بگری بۆمان
وەفاوو دۆستداری هەر نەمابوو
هەموو عالەم لە ئەحواڵی فەنا بوو
ئەگەر باوکێ سەموونێکی بووایە
بە ئەولادی نەدا گەر مردبایە
وەکوو ڕۆژی قیامەت نەفسی نەفسی
هەموو کەس هەر غەمی خۆی بوو لە حەپسی
هەتا دووساڵی تر ئەم کارە وابوو
حکوومەت لەم شەڕە زوعفی پەیابوو
قوماندانی لە قۆڵی ڕووس بوو ئەرکان
گەلێکی کوشت لە ئاغا و میری کوردان
عەشایری لە کوردان زۆر لەگەڵ بوو
بەرانبەر قووەتی ڕووس بێ عەمەل بوو
شکا ئەرکان بە پیسی خۆیی و لەشکر
ئەوەی کوژرا، ئەوەی تر کەوتە ناو قوڕ
ئەوەی لە دوا شکستەی لەشکری بوو
عەجەم بۆئەو بەڵای ڕۆح و سەری بوو
لەچۆڵێ یا لەدێ، یاخۆ لەماڵان
ئەیان کوشت و ئەیان هاویشتە چاڵان
هەتا هات عەسکەری ڕووس هاتە پێشێ
نەما کەس باری غەمباری نەکێشێ
شنۆ و سابڵاغ میاندواو و مەراغە
هەتا ئێستا دڵم بۆیان بە داغە
بە قەتڵ و غارەت و فەحشی ژنان ڕا
هەتا موودەی شەو و ڕۆژێ ئەمر درا
لەسابڵاغ و لە سەردەشت و لە بانە
عەجەب کوشتار و نەهبیان کرد سەگانە
ئەمانەی گرت و تا گەییە ڕەواندز
لەپێشی دا نەما هەرگیز چ حاجیز
هەتا نێزیک سولەیمانیش دەهاتن
سوپاهی ئێمە هەرچی بوو هەڵاتن
لەلایێ تر هەتاکوو خانەقینی
حدوودی گرت وەکوو حەڵقەی نگینی
لە ناکاوێ لە ناو خۆی سەورە هەڵسا
لە ئەحزابی شیوعی فیتنە هەڵسا
گەڕواە لەشکری ڕووسی بە جارێ
نەما فەردێ لەوان تاکوو ئێوارێ
لەلای بەسرەش لە حەربی ئینگلیسی
عەساکیرمان شکا یەکجار بە پیسی
هەتا هات و گەیشتە دەوری بەغدا
لە سەلمان پاکەوە شەڕ دەستی پێکرا
جەمیل پاشا بوو ئەو ڕۆژە قوماندان
ئەویش مەشغووڵی ......... دان
سقووتی کرد لە بەغدا تا ئێوارێ
بە ڕیشی دا ڕیا گاور بە جارێ
عەلی ئیحسان لە کرماشان بوو بیستی
بە خۆیی و عەسکەری هاتن بە چوستی
هەتا شەو گەییەجێ کار تێپەڕی بوو
کەوای زانی لەبۆ کەرکووک بەڕێ بوو
هەتا نێزیکی مانگێکی بە دایم
لە بەغدا تاکوو کفری شەڕ بوو قایم
کە پاشا خۆی نەگرت و گەییە کەرکووک
ئەویشی گرت بە یاسانی و زۆر سووک
لە قینا میللەتیش کردی خەیانەت
لەسەر شانی نەما باری ئەمانەت
هەموو بینیان گەیشتە جەرگ و ئێسکی
لە زوڵمی عەسکەر و زوبباتی تورکی
لە هەرلایێ قیامیان لێ دەکردن
هەتا لەم موڵکەیان زوو دەردەکردن
حکوومەت وایە گەر نەیبوو عەداڵەت
لەگەڵ میللەت بکا زوڵم و شەقاوەت
خودا خۆی ئەو حەقەی زوو لێ ئەسێنێ
سەری ڕشتەی ئومووری دەپسێنێ
لەبەینی میللەتان و هەر حکوومەت
هەیە دوو واجیباتی زۆر بە شیددەت
فەریزەی میللەتە بیکا ئیتاعەت
حکوومەت واجیبی سەریە عەداڵەت
ئەگەر وابوو لەزەت لێکتر دەبینن
حەقی خۆیان لە دوژمنیان ئەسێنن
موخالیف بن لەگەڵ یەک هەردوولایان
خودا بۆیان دەبارێنێ بەڵایان
وەکوو تورک و عێراقین لێ دەقەومێ
کەسێ نەیدیوە وابێ هیچ قەومێ
حەپسخانەش بەڕەڵدا بوو بە جارێ
ئەوەی مابوو نەما تاکوو ئێوارێ
لەگەڵ بەعزێ ڕەفیقان دەردەکەوتین
لەبرسانا لە ڕیگا هەر دەکەوتین
شەڕی تۆپ و تفەنگ و هەم تەیارە
لەسەر کەرکووک لە ڕۆژا تا ئێوارە
هەموو کۆڵانی شاری چۆڵ و خاڵی
حەساری بوون لەگەڵ ماڵ ومناڵی
لە بازاڕا نەبووین غافڵ چە ئانێ
بەدەستمان هەر نەکەوت یەک تیکە نانێ
لە وەقتێکا بوو ئەم فەسڵە بەهار بوو
دەغڵ شیری پەری بۆیی بەبار بوو
ئومێدیان لێ بڕابوو عەسکەری تورک
خەیاڵێکیان هەبوو هەر وەک مەڕ وگورگ
بەدەستی هەر یەکێ داسێ درابوو
لە لایەن ئامران ئەمرێ درابوو
لەهەر کوێ پارچە گەنمێ بێ وە یا جۆ
هەمووی بدروونەوە بیبەن لەگەڵ خۆ
لەلوتفی خواوە غەیرە وای شکاندن
هەموو تەدبیر و فکری لێ پساندن
خودا ڕەحمی کە کرد ئیتر نەپەڕژان
وە ئیللا هەرچی مابوو قەت نەدەژیان
بەڕێ کەوتین لەوێوە بۆ بەرەوماڵ
لەبۆ دڵخۆشی خزم و ماڵ و منداڵ
لە ڕێگا هەر لەبەینی یەک سەعاتێ
دووچاری مەیتەکی زۆر بووین لە کاتێ
یەکێ دەستی خورابوو یەک سەر و پێ
یەکێ ورگی دڕابوو یەک لە سەد جێ
یەکێ ئێسقانی مابوو یەک لیباسی
یەکێ وابوو ئەبەد کەس نەیدەناسی
دوڕندە و وەحشی بەم لاشانە فێر بوون
بە گۆشتی نازکی وان وەحشی تێر بوون
کە ئەم حاڵەم بەچاوان دی لە ڕێگا
نەما سەبرم، نەما عەقڵم لە جێگا
ئەوەندەی تاقەتم مابوو ئەویش چوو
ئەوەی سەبر و قەرارم بوو بەسەرچوو
بە هەرحاڵێ بوو هاتین تاکوو کۆیە
لەهەر ماڵێ فوغان و باوکەڕۆیە
عەزیزم دین زەلیل و بێنەوا بوون
ئەوەی«شا» بوو لە ئەووەڵ دیم گەدا بوون
حکوومەت تەخلیەی هێشتا نەکردبوو
ئەبەد ڕەحمی بە عالەم دا نەبردبوو
ئەوەی پێشوو ئەیان کرد هەر ئەیان کرد
ئەوەی ئەووەڵ ئەیان برد هەر ئەیان برد
تەحەممول کوا کە ڕۆژێ دابنیشم
بە ڕاحەت هەردووپێی خۆم ڕابکێشم
لە خزم و ئەقریبا و دایک و برامان
ئەوەی مابوو دووسێ یەک هاتە لامان
بەسەرشارا وەکوو چادر تەمی غەم
هەمووی پۆشی بوو بێ زیاد و بەبێ کەم
لەهەر ماڵێ کزەی جەرگی فەقیران
چرووکەی دووکەڵی ئاهی ئەسیران
دوکانێکی کەبابچی بوو لەوێ دا
وە یاخۆ ئاهی مەزڵوومانی تێدا
لەبۆ نەڕژێ لەچاوم ئەشکی خوێناو
لەبۆ زیاتر نەسووتێ جەرگی سووتاو
کە ئەم حاڵەم تەماشا کرد بە چاوان
خەیاڵی غوربەتم کرد من لە تاوان
کە ڕۆیشتم ویداعم کرد لە یاران
سورشکم هاتە خوارێ چەشنی باران
لەهەولێرا دووسێ کەس ئاشنام بوون
لەبە هەرئیش و کارێ خێرخودام بوون
لەوێ چەند موددەتێ تەعتیل و بێکار
لە پاشا ئیش وکارم کەوتە بازاڕ
موهەییا بوو عەجایەب کاروانێ
جیهان دیدە و هونەرمەند کاردانێ
لەگەڵ دووکەس شەراکەت ئیتتفاقم
لە بۆ ئێران کە ڕۆیشتین بە تاقم
بە ئاهی سەرد و چاوی خوێن ڕێز
لەگەڵ ئەم جەمعەدا ڕووم کردە تەورێز
هەتا دووهەفتە ئیش وکار تەواو بوو
هەموو کۆبووینەوە هەرچی بڵاو بوو
خەریکی کاسبی و ئیش و سەفەر بووم
هەتا شەش مانگ لە کۆیە بێ خەبەر بووم
کە زانیم ئینگلیسی هاتە ناوی
لە بۆ کۆیە بەڕێ کەوتم بە تاوی
کە هاتم دیم کە تەشکیلات تەواوە
لە سایەی خوا لەتورکان یەک نەماوە
فەقیرخانەی کە دانا زوو لەشاران
لە بۆ مەزڵووم وبێچارە و هەژاران
لەهیندستانەوە ئاردی دەهێنا
لە خاریج ئەلبیسە و پارەی ئەهێنا
لە زۆری چێشت وگۆشت و خوانی
لەبەر زۆری مەعاش و پارەدانی
قدوومی بۆ هەموو عالەم بووە خێر
هەموو برسی بە نانی ئەوبوو بوون تێر
لە جێی جەندرمەکان پۆلیسی دانا
کوڕی گەنج و بەقووەت هەم توانا
هەموو قۆمیسەر و زابت لەخۆمان
مەعاشی یەک بە دە دانا لە بۆمان
سیاسەت وابوو ئەو ڕۆژە وەهابێ
ئەبوو برسی لە ناومانا نەمابێ
فەقیرخانە هەزاروچەند کەسێ بوون
ژن و منداڵ و پیر وبێکەسێ بوون
مودیرێک و یەکێ مەئموور و کاتب
تەعیین بوون هەر یەکی میقدارێ ڕاتب
بە «عینوانی کیتابەت» خۆم لەوێ بووم
لە بۆ ئیشی فەقیران هەر لەڕێ بووم
لە بۆ مەسرووفی چێشت و گۆشت و نانیان
لە بۆ سابوون و پێڵاو و لیباسیان
هەموو ڕۆژێ لە مالیەم دەهێنا
قەریبی دووهەزار ڕوپیەم دەهێنا
هەتا هەرزانی داهات هەروەها بوو
ڕەفاههیەت لە عالەم دا پەیا بوو
ڕەفیقێکم هەبوو ئەووەڵ لە پێشا
لەبەر مەحزی محەببەت ڕامی کێشا
لەبۆ ڕێگەی ئیدارە زەحمەتم چوو
لەبۆ شاری قەڵادز قیسمەتم چوو
لەگەڵ ئەو زۆر بەخۆشی ڕابواردن
لەسەر یەک سفرە بووین بۆ نان خواردن
لە نەفسی خۆی موقەددەم تر ئەمن بووم
لە قەوم و خزمی خۆی زیاتر ئەمن بووم
هەتا نێزیکی سێ ساڵە لەوێ بووین
لە ئاخیر بۆ سلێمانی بەڕێ بووین
فەلەک بۆ قیسمەتی ئێمە لەهەرلا
بەچەپ دا مۆرەیی نەردی فڕێ دا
سلێمانی هێنا قیسمەت وەها بوو
موعین و ناسری ئێمە خودا بوو
خودایە حافیزی فیتنە و بەڵامان
خودا ڕۆژیدەری شاه و گەدامان
خودایە بۆ فەقیران دادڕەس بێ
لەغەیری ئەو نییە فریادڕەس بێ
موددەبیر هەر ئەوە بۆ کاروبارت
هەر ئەو ئەیکا نیزامی کاروبارت
ئەوەی نەیدا بە عالەم نادرێ قەت
ئەوەی نەیکا بە عالەم ناکرێ قەت
ئەوەی بیدا کەسێ لێت ناستێنێ
ئەوەی ئەو مەحکەمی کرد نایپسێنێ
عموومی ئەنبیاوو ئەولیاکان
هەموو سەدیقەکان و جوملە پاکان
موقابیل قودرەتی بێ دەستەڵاتن
لەبەر دەرکیا هەموو کەوتوون و لاتن
نەکا ڕوحمێ بە لوتفی خۆی لەگەڵێان
نەدا عیززەت بە یەکیان یا بە گەلیان
زەلیل و خوار و بێ حورمەت دەمێنن
بە ئەرزا ئەشکی حەسرەت دادەچێنن
موززیل و هەم موعیزز هەر خۆیەتی و بەس
«مضل»عەرەبی و «هادي»عەرەبی هەر خۆیەتی و بەس
کەلامی «نحن أقرب»عەرەبی بێتە گوێمان
کەلامی «نحن نرزقكم»عەرەبی لە ڕێمان
بەقەولی کافی «كهيعص»عەرەبی
کفایەت هەرئەوە بۆ ئێمە «میرساد»
کە وابوو ئێمە تەسلیم و ڕەزابین
وەکوو گۆیی بە چەوگانی قەزابین
خودا بۆ خاتری عەبدی گوناهکار
شەفیعی دا بە ئەحمەد شاهی موختار
رۆحم قوربانی خاکی پێی ئەویش بێ
سەرم قوربانی تۆزی ڕێی ئەویش بێ
خودا بۆ خاتری ئەو شەهریارە
بەحەقی حورمەتی ئەو نازدارە
بەحەقی حورمەتی ئەسحابی غاری
بە حەقی ئەهلی بەیت و چاریاری
خیتامی عومری ئێمە بێ لەسەرحەق
بمان پارێزە بۆ هەر کاری ناحەق
سەلات و هەم سەلامی پڕ سەفایی
لەسەر ڕۆحی شەریفی مستەفایی