ئۆکتای قائان کوڕی چەنگیز خان ٥

لە «ڕوضە الصفا»وە
لە کتێبی:
گەنجینەی مەردان
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 7 خولەک  543 بینین

یەکێکی تر: پیاوێک لەگەڵ وەکیلانی قائان موعامەلەی هەبوو حوکمی کرد سەد بالەشی بدەنێ لەباتی ئەو مەتاعەی پێی فرۆشتووین. ڕۆژی دوایی چاوی بە دەروێشێ کەوت لەپێش قەسرەکەیا ڕاوەستابوو، وای زانی ساحێب مەتاعەکەیە بالەشەکانی تەسلیم نەبووە، فەرمووی بۆچی حەقتان تەسلیم نەکردووە؟ سەد بالەش بێنن بیدەنێ. دەروێش کە سەد بالەشی وەرگرت سەرسام بوو، وتی من هیچم نەفرۆشتووە. من ئەو پیاوە نیم کە موعامەلەی لەگەڵ ئێوە بووە. قائان فەرمووی پارە کە لە خەزنە دەرهات ناچێتەوە ناوی. ڕزقی خۆیەتی بیدەنێ.

یەکێکی تر: ڕۆژێ ژنێ بە بەر قەسرەکەیا ئەڕوا، دوو مناڵی بە کۆڵەوە بوو، قائان چاوی پێ کەوت ئەمری کرد پێنج بالەش بۆ ئەو ژنە بەرن. خدمەتکارەکە لە پێنج بالەش یەکێکی دزی، ژنە فەرقی پێکرد، داوای لێکرد، خدمەتکار نەیدایێ، گەڕایەوە. قائان لێی پرسی ئەو ژنە لەگەڵ تۆ قسەی چی بوو کە زۆر قسەتان کرد، عەرزی کرد ساحێبی عەیالە، بەیانی عائیلەی خۆی ئەکرد، حوکمی کرد بیگێڕنەوە بچێتە خەزنە هەرچەندێ ئەتوانێ هەڵیگرێ بیبا. ژنەکەیان بردە خەزنە ئەوەندەی لەخۆی نا، بەقەدەر توجارێ دەوڵەمەند بوو.

یەکێکی تر: بازەوانەکەی هات وتی بازەکە نەخۆشە ئەبێ گۆشتی بدرێتێ. ئەمری فەرموو پارەی گۆشتی بدەنێ. کاربەدەستان بەقەدەر لزوومی گۆشت پارەیان دایێ، بالەشێکیان نەدایێ. لەپاشدا خۆی پرسیاری کرد چیتان بە بازەوان دا؟ عەرزریان کرد پارەی چەند ڕۆژ گۆشتی بازەکەمان دایێ، فەرمووی بازەوان بە بەهانەی گۆشتی بازەکەوە بۆ ئیحسان هاتووە، بچن پێنج بالەشی بدەنێ. ئیمە ئەمەمان ئەوێ کە خەڵق لە ئیحسانی ئێمە بێبەش نەبێ.

یەکێکی تر: لە شاری قەرەقروم کەوانسازێ ئەبێ کەس کەوانی لێ ناکڕێت ئەوەندە خراپی دروست ئەکرد. ڕۆژێ کەوانێکی بەسەر دارێکەوە بەست، لەڕێگای قائانا ڕاوەستا، قائان پرسی ئەوە چییە؟ پیاوەکە وتی من کەوانسازم، لەناو خەڵقا مەشهوور بووە کەوانی من خراپە، کەس لێم ناکڕێت. لەبەر ئەوە زۆر نەدار و فەقیر کەوتووم، ئەم بیست کەوانەم بۆ خدمەت پادشاهـ هێناوە. ئەمری کرد کەوانەکانی لێ وەرگرن، بە هەر کەوانێ بالەشێکی بدەنێ.

یەکێکی تر: یەکێ لە مولووک کەمەرێکی مورەسسەعی بە دیاری بۆ نارد، بزمارێکی لێ کەوت، ناردیانە لای وەستایەک بزمارەکەی تێبخاتەوە. وەستا قومارباز بوو. کەمەرەکەی فرۆشت سەرفی ئیحتیاجی خۆی کرد، بە - ئەمڕۆ نا، سبەی - هەر تەفرەی مواشیرەکانی ئەدا، لەئاخردا ڕایان کێشا بۆلای قائان، لەوێ وتی کەمەرەکەم بۆ ئیحتیاجی خۆم فرۆشتووە. قائان وتی: ئەمە خیانەتێکی گەورەیە کردووتە، جەزاشت گەورەیە، بڕۆ عەفو بە، جارێکی تر ئەم حەرەکەتە مەکە. ئەمری کرد سەدووپەنجا بالەشی بدەنێ سەرفی ئیحتیاجی بکا.

یەکێکی تر: پیاوێک پیاڵەیەکی حەڵەبیی بە دیاری بۆ ئەبا. پیاڵەکە ئەبنە حوزووری. فەرمووی ئەم پیاوە بە زەحمەتێکی زۆر لە حەلەبەوە ئەم پیاڵەی هێناوە، دووسەد بالەشی بدەنێ. ساحێب پیاڵە کەوتە فکرەوە ئایا ئەم قسەیە ڕاست بێ دووسەد بالەشم بدەنێ؟ لەپڕ مژدەیان بۆ هێنا کە وەرە دووسەد بالەش وەربگرە. هەر لەو ڕۆژەدا لە مەجلیسی قائان باسی عەبدی حەبەشی ئەکرا کە بۆ خدمەت زۆر سادق و ئازان. فەرمووی لەو پیاوا پرسیار بکەن ئەتوانێ عەبدێکمان بۆ بکڕێت بۆمان بێنێ؟ پیاوەکە وتی ئەوە ئێشی منە، بەسەر چاو ئەم خدمەتە ئەکەم. ئەمری کرد بۆ کڕینی عەبدەکە دووسەد بالەشی بدەنێ. کابرای بێ ئینساف پارەکەی وەرگرت و ڕۆیی، ئیتر نەهاتەوە بەو وڵاتەدا.

یەکێکی تر: پیاوێک لە شاخی بزنەکێوی کاسەیێکی دروست کرد بردی خۆی تەقدیمی کرد. قائان گرتی بەدەستییەوە سەیری کرد، ئەمری فەرموو پەنجا بالەشی بدەنێ. ئەمیندار وتی پادشاهم بۆ کاسەیێکی بێوجوود ئەم میقدارە ئیسرافە. لێی تووڕە بوو، وتی نەسیحەتی من مەکەن.

یەکێکی تر: پیاوێک چوار بالەش لە ئەمیرێ قەرز ئەکا، کە وەعدەی هات پارەی لەدەستا نەبوو بیداتەوە، ئەمیرەکە تەنگەتاوی کرد، وتی یا پارە یا ئەبێ بێیتە سەر ئایینیی بت پەرەستی یا بەڕووتی بە بازاڕا بتگێڕن. پیاوەکە سێ ڕۆژ موهڵەتی خواست. لەبەینی ئەو سێ ڕۆژەدا خۆی گەیاندە لای قائان. مەسئەلەیان تێگەیاند. ئەمری فەرموو ژن و خانوو و ماڵی ئەو ئەمیرە بدەن بە موسوڵمانەکە چونکە ئەم تەکلیفە گرانەی لێ کردووە، وە بە بازاڕیشا بیگێڕن هەتا جارێکی تر ئەم غەڕڕانە ئەم تەکلیفە نەکەن.

یەکێکی تر: سەییدێکی عەلەویی بوخارایی لە خەزنە پارەی قەرز کردبوو بۆ کاسبی. کە وەعدەی قەرز هات مەئمووران چوونە سەری بۆ پارەکە. وتی تەسلیمم کردووەتەوە. داوای سەنەدی تەسلیمیان کرد، وتی تەسلیمی نەفسی قائانم کردووە. سەییدیان برد بۆلای قائان، وتی کێ ئاگای لێ بوو ئەو پارەیەت تەسلیم بە من کردەوە؟ سەیید وتی کەسمان لەلا نەبوو، هەر خۆم و خۆت بووین. قائان لە دڵا وتی ئەگەر بڵێم درۆ ئەکەی ڕەنگە بەعزێ کەس بڵێ ئینکاری وە حاشا ئەکا. وتی سەیید بڕۆ، ئەمما لەمەودوا کە نابێ موعامەلەت لەکەڵ بکا. لەپاش چەند ڕۆژێ توججار لە خاریجەوە هاتۆ قوماشی زۆریان هێنا، قائان خۆی سەودای لەگەڵ ئەکردن. لەو وەختەدا کە دەریای جوودی کەوتبووە شەپۆلدان، فەرمووی سەییدی بوخاراییش بانگ کەن. سەیید هات، فەرمووی سەیید دڵت عاجز بووە کە ئەمرم کرد کەس سەودات لەگەڵ نەکا، من خۆم سەودات لەگەڵ ئەکەم، قوماشی تۆش باییی چەندە؟ وتی سێ بالەش. ئەمری کرد پارەکەیان دایێ و قوماشی سەییدیشیان کڕی.

یەکێکی تر: پیاوێ هەنارێکی بەدیاری بۆ هێنا، فەرمووی بەقەدەر دەنکی هەنارەکە بالەشی بدەنێ.

یەکێکی تر: موسوڵمانێک پڕ عەڕابەیەک میوەی بۆ هێنا بەئومێدی ئەوە ئیزنی بدا بۆ مەملەکەتی خۆی. ئەمری کرد ئیزن بێ و بالەشێکیشی بدەنێ.

یەکێکی تر: دزێ ئینتیزاری ڕۆژی سەیران و شایی قائانی ئەکرد کە شتێ بدزێ. کە نۆبەتی ئەو ڕۆژە هات خەزنەوان هەموو سەرخۆش کەوتن، پیاڵەیەکی زێڕی لە خەزنە دزی و بردی. ڕۆژی دوایی بۆ پیاڵەکە گەڕان دیار نەبوو، قائان خەبەری زانی فەرمووی جاڕ بدەن هەرکەس پیاڵەکە بێنێتەوە لە ڕۆحی خۆی ئەمین بێ و تەڵەبیشی قوبووڵە. دزەکە پیاڵەی بردەوە. لێیان پرسی لەم بردن و هێنانەوەت مەقسەد چ بوو؟ دزە وتی مەقسوودم ئەوە بوو کە پادشا ئیعتماد بە نۆبەتچی نەکا. ئەگەر مەتڵەزم دزی بوایە شتی بەقیمەتتر لە پیاڵەکە زۆر بوو. ئومەرا وتیان لازمە ئەم پیاوە سیاسەت بکرێ تا کەسێکی تر ئەم جەسارەتە نەکا، قائان وتی ڕۆحی ئەم پیاوە ئەمینە، حەیفە پیاوی وا بەجەسارەت بکوژرێ. ئەمری کرد پێنجسەد بالەش و چەند ئەسپی ڕەهوان و خەڵاتی بەقیمەتی بدرێتێ وە لە مەملەکەتی خەتا حاکمی چەند هەزار خانە بێ.

یەکێکی تر: لە ویلایەتی قەراقروم لە وەقتی پێگەیشتنی گەنم و جۆ تەرزەیێکی وا باریی زەراعەت هەمووی مەحو بووەوە. قائان ئەمری کرد دڵیان تەنگ نەبێ هەرچی زایعاتی بووە لە عەماری حوکوومەت ئەیاندەمەوە، ئەمما جارێکی تر مەزرووعات ئاو بدەن بەڵکوو شتێکی لێ پەیدا بێ. زاریعەکان بەقسەی ئەویان کرد، زەراعەتیان ئاو دا. ئەو ساڵە چواریەکی زیاد لە ساڵان گەنم و جۆ هاتە پێشەوە.

ئەم پادشای مەغولە بێجگە لە سەخا و کەرەمی، زۆر ئەخلاقی گووزیدەی بووە و بەرابەر بەوانە سیاسەت و حوکمیشی نواندووە. لازمە سەردەفتەری «گەنجینەی مەردان» ئۆکتای قائان بێ. خوا لە قیامەتیشا ئیحساناتی بداتەوە.