ئۆکتای قائان کوڕی چەنگیز خان ٤

لە «ڕوضە الصفا»وە
لە کتێبی:
گەنجینەی مەردان
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 6 خولەک  692 بینین

یەکێکی تر: پیاوێک دوو تیری برد بۆ قائان، بە ئەژنۆدا دانیشت. پادشا فەرمووی بزانن ئەم پیاوە ئیحتیاجی چییە، بۆچی هاتووە؟ پیاوەکە وتی سەنعەتی من تیر دروستکردنە، هەفتا بالەش قەرزدارم، ئەگەر ئەم قەرزەم بدرێتەوە تەعەههود ئەکەم ساڵی دوو هەزار تیر تەسلیمی سوپای قائان بکەم، قائان فەرمووی ئەم پیاوە لە ئیحتیاجییەوە بەوە مەجبوور بووە کە تەعەههودێکی وا بکا. سەد بالەشی بدەنێ سەرفی ئیحتیاجی خۆی بکات. دەست بەجێ بالەشیان بۆ هێنا. تیرگەر لە هەڵگرتنی عاجز بوو، قائان پێکەنی. عەرەبەیەکیان بۆ هێنا کە پێی نەقڵ بکا بۆ ماڵی خۆیان.

یەکێکی تر: لە زەمانی بینای قەرەقروم کە پایتەختی مەغول بوو چووە خەزنە تەماشای کرد سەد بالەشی تێدا ماوە، ئەمری کرد هەرکەس بۆ خۆی بچێ لە خەزنە بالەش بێنێ. بەجارێ ئەهالی و خدمەتکار ڕژانە ژووری خەزنە بالەشەکانیان فڕاند.

یەکێکی تر: لە زەمانی پێشوو لە شیددەتی سەرما زەراعەت سەوز نەدەبوو. کە قائان بوو بە پادشا هەوا ئیعتدالی پەیدا کرد. ئەهالی دەستیان کرد بە زەراعەت. پیاوێک توورێ پێگەیاند. بردی بۆ خدمەت قائان. فەرمووی بەقەدەر گەڵای توورەکە بالەشی بدەنێ. ژماردیان سەد گەڵای پێوە بوو. کابرا سەد بالەشی وەرگرت و بەخۆشی گەڕایەوە.

یەکێکی تر: قائان لەسەر گردێک لە نزیک قەرەقروم قەسر و عەمارەتێک دروست کردبوو ناوی نابوو «ترغوبالق»ناوی تایبەت. پیاوێک لە نزیک ئەو کۆشکە چەند نەمامێکی ڕواند. «اتفاقا»عەرەبی نەمامەکان سەوز بوون. لەپێش ئەودا کەس نەمامی نەڕواندبوو و نەیاندیبوو. قائان کە پێی زانی فەرمووی بە عەدەدی هەر نەمامێ بالەشێکی بدەنێ.

یەکێکی تر: قائان کە لەسەر تەخت دانیشت و بوو بە پادشا، ئاوازەی کەرەم و سەخای ئەو دنیای پڕ کرد. لە هەموو مەملەکەتێ توجار و بازرگان ڕوویان کردە وڵاتەکەی. بازرگانەکان بۆخۆیان نرخی ئەشیایان ئەنووسی، دەفتەریان تەقدیم ئەکرد. قائان لەڕووی ئێحسان و کەرەمەوە هەر لە دە بالەش یەکێکی زیادی بۆ حیساب ئەکردن. خدمەتکاران عەرزیان کرد بازرگان قازانجی خۆی حیساب کردووە، لە دە بۆچی زیاتریان بدەینێ؟ قائان وتی ئەوانەی ڕوو لە درگا و حوکوومەتی ئێمە ئەکەن بۆ مەنفەعەتی زۆرە و هەم خدمەتی ئێوەش ئەکەن. ئەمە قەرزی ئێوەیە ئەیدەمەوە.

یەکێکی تر: لە هیندەوە چەند شەخسێ دوو ددانی فیلیان بۆ هێنا. وتی لێیان بپرسن بە ئومێدی چەند هێناویانە؟ هیندییەکان وتیان پێنج هەزار بالەش. فەرمووی ئەو میقدارەیان بدەنێ. مەئمووران وتیان هیندی ڕەعیەت نین، دوژمنن. ئەم میقدارە زۆرە بۆ شتێکی وا بێقەدر. وتی من دوشمنی کەس نیم و کەسیش دوشمنی من نییە.

یەکێکی تر: ئەهلی خوراسانی؛ کڵاوێکیان بۆ هێنا لەچەشنی کڵاوی خۆیان. لە وەقتێکا بوخاری شەراب لەسەری دابوو، مەشغووڵی عەیش بوو، عەرزیان کرد، فەرمووی دووسەد بالەشیان بدەنێ. خەزنەدار ئەمرەکەی ڕاگیر کرد پارەکەی نەدا، گوتی ئەمە خەیاڵی سەرخۆشییە. کە هاتەوە سەرخۆی خۆراسانییەکان چوونەوە حوزور کە بالەشیان تەسلیم نەکراوە، ئەمری فەرموو سێسەد بالەشیان بدەنێ، دووبارە خەزنەدار ئەمرەکەی ڕاگیر کرد. قائان خەبەری زانی ئەمری کرد شەش سەد بالەشیان بدەنێ و ئیرادەی کرد هەموو ئەمیران و سەرداران و خەزنەدار و خدمەتکار لە خدمەتیا کۆ ببنەوە. هەموو هاتن، هەرکەس بە دەرەجەی خۆی جێگای گرت. ئینجا ڕووی تێکردن وتی لە دنیادا هیچ شتێ هەیە هەر بمێنێ و نەفەوتێ؟ وتیان نە، هەموو شتێ نامێنێ. خۆی وتی بەڵێ ناوی چاک، ئاساری چاک لەدنیادا پایەدارە، ئەمێنێ. ئێوە ناتانەوێ من ناوم لە دنیادا بمێنێ، بۆیە لە بەخشش مەنعم ئەکەن، نامەوێ ئەم نەسیحەتانەم بکەن.

یەکێکی تر: لە کاتێکا کە ئەهلی شیراز لە ئیتاعەدا بوون، یەکێک هات لەپێش تەختی قائانا ئەژنۆی دانا، وتی ئاوازەی ئینعام و ئیحسانی ئێوە دنیای پڕ کردووە. منیش پێنج سەد بالەش قەرزارم، پەنام بە دەرگای ئێوە هێناوە. فەرمووی هەزار بالەشی بدەنێ. وەکیلان؛ عەرزیان کرد لە تەلەبی خۆی زیاتر ئیسرافە. فەرمووی شیرازیی بێچارە دەنگی کەرەمی ئێمەی بیستووە، ئەم هەموو چۆڵ و بیابانەی پێچاوەتەوە تا هاتووەتە ئێرە، لە ڕجای خۆی زیاتری دەست نەکەوێ بەشی مەسرەف و خەرجی ئێرە و ڕێگای لێ کەم ئەبێتەوە. ئەمرم کردووە بیدەنێ. «ساعەً»ناوی تایبەت ئەمری ئیجرا کرا.

یەکێکی تر: دەروێشێ دە دەواڵی بەدارێکەوە بەست خستییە بارچاوی قائان و عەرزی کرد بنێکم بوو گۆشتەکەم دەرخواردی مناڵان دا، پێستەکەیشم کردووە بە دەواڵ بۆ سیلاحدارانی ئێوە. قائان دەواڵەکانی بەدەستی خۆی گرت. ئەمری فەرموو سەد بالەشی بدەنێ لە زێڕو هەزار مەڕیشی بدەنێ و پێیشی وت کە ئەم پارە و مەڕەت تەواو بوو وەرەوە ئەوەندەی ترت ئەدەمێ.

یەکێکی تر: قائان عادەتی وابوو سێ مانگەی زستان ڕاوی ئەکرد، نۆ مانگەکەی تر لەبەردەم خێوەتەکەیا دائەنیشت کۆمەڵ کۆمەڵ و لە هەموو مەتاع و جینسێکی لەپێش خۆیا حازر ئەکرد بە ئیسلام و مەغول و غەیرەی ئەبەخشی. زۆر جار بە کەسێکی زەلامی بەهێزی ئەگوت هەرچەند ئەتوانی هەڵیگرە و بیبە و بڕۆ. ڕۆژێ لەو پیاوە زەلامانا یەکێ کۆمەڵێکی هەڵگرت وە ڕۆیی، لەڕێگا کراسێکی لێ کەوت، گەڕایەوە بۆ کراسەکە، قائان فەرمووی مەعنای نییە ئەم پیاوە هەر کراسێک بەرێتەوە. ئەمری کرد کۆمەڵێکی تری بدەنێ بیبا بۆ جێگای خۆی.

یەکێکی تر: ڕۆژێ لەبازاڕی قەرەقروما چاوی بە عەنناب کەوت، ئارەزووی عەننابی کرد، کە چووە بارەگا بالەشێکی دا بە دانشمەند بۆی بدا بە عەنناب، دانشمەند چووە بازاڕ، بە چواریەکی بالەشەکە؛ عەننابی زۆری کڕی، هێنایە خدمەتی. قائان وتی ئەم هەموو عەننابە بە یەک بالەش غەدرە. دانشمەند باقیی بالەشەکەی لە باخەڵ دەرهێنا وتی ئەمە نرخی چواریەکی بالەشێکە کە داومە بە بەقاڵ. قائان لە دانشمەند عاجز بوو وتی بەقاڵێ لە موددەتی عومریا جارێک یەکێکی وەکوو من بە بەردووکانیا ڕائەبوورێ، ئەبێ دوو بالەشی تری بۆ بەریت.

یەکێکی تر: ئەمری کرد کە پیاوێک سەد بالەشی بدەنێ. خەزنەدار وتی قائان وا ئەزانێ سەد بالەش سەد درەمە، سەد بالەشەکەیان لەسەر ڕێگای قائان لەسەر عەرد ڕاخست، کە قائان هات وتی ئەمە چییە؟ وتیان ئەو بالەشانەیە کە بۆ فڵانە دەروێشت حەواڵە کردووە. وتی ئەمە زۆر بێقەدر و کەمە، بۆی بکەن بە دووسەد.