ئۆکتای قائان کوڕی چەنگیز خان ٢

لە «ڕوضە الصفا»وە
لە کتێبی:
گەنجینەی مەردان
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 5 خولەک  424 بینین

پیاوێک لە کەسێکی ڕاستگووە ئەگێڕێتەوە وتوویە لە زەمانی سوڵتان عەلائەددینی سەلجووقیدا لە ڕۆم بووم، یەکێ بوو نانی لە مەسخەرەچییەتی ئەخوارد. لەوکاتەدا ئاوازەی کەرەمی قائان دنیای داگیر کردبوو کە پادشاهێکی مەغول زێر و زێوی لەلا وەک خاک وایە. ئەم کابرایەش وەسوەسەی پەیدا کرد کە بچێتە قەراقرووم لە خوانی نیعمەتی قائان چەند لوقمەیێک بفڕێنێ، نە زادی هەبوو نە پارە، چەند کەسێ ئیعانەیان بۆ کۆکردەوە گوێدرێژێکیان بۆ کڕی کەوتە ڕێ بۆ تورکستان. لە پاش سێ ساڵ بە بازاڕا ئەڕۆیشتم یەکێکم دی لە تەجەللی و لیباسێکی تەواودا بوو، سواری ئەسپێ بوبوو. کە چاوی بە من کەوت دابەزی، دەست بۆسی لەگەڵ کردم، بردمیە ماڵی خۆیان ئەنواعی خواردن و مەشرووباتی حازر کرد، ئەغڵەبی لەناو زەرفی زێڕ و زێودا بوو، خدمەتکارانی خەتایی لە بەردەستیا وەستابوون و ئەسپی چاک چاک لە تەویلەیدا بەسترابووەوە. منیش ئەوم نەدەناسی. هەتا سێ ڕۆژ بەم چەشنە خدمەت و میوانداری کردم. ڕۆژی سێیەم وتی من فڵان کەسم کە لە ڕۆمەوە بە سواریی گوێدرێژ چووم بۆ تورکستان. مێقدارێ میوەی وشکم پەیدا کرد، چووم لە سەرڕێگای قائاندا دانیشتم. کە هات لە دوورەوە چاوی بە من کەوت، سوارێکی بەغار نارد بزانێ من کێم و چیم؟ سوارەکە هات لێی پرسیم چ کەسی و لە کوێوە هاتووی؟ منیش وتم لە وڵاتی ڕۆمەوە بە ئۆمێدی ئیحسانی پادشاهـ ڕووم کردووەتە ئەم وڵاتە، وە دیاریش ئەم میوەم بۆ هێناوە. تەسلیمی سوارەکەم کرد. سوار کە ئەچێتەوە خدمەتی قسەی منی بۆ ئەگێڕێتەوە. قائان میقدارێ لە میوەکە ئەدا بە ئەمیرانی و خۆشی نەختێکی لێ ئەخوا. باقی ئەخاتە جانتای خۆی. سوارەکان «زاهیرەن» بە چاویی ناڕەزایی تەماشای قائان ئەکەن. ئەویش فەرقی پێ ئەکا، پێیان ئەڵی ئەم پیاوە لە جێگایەکی دوورەوە ڕووی کردووەتە ئێمە و ئەم دیارییەیشی بەسەر زۆر جێگای موبارەکا هاتووە، بە خدمەت زۆر زاتی موبارەک گەیشتووە. فەیز و بەرەکەت لە نەفەسی ئەم نەوعە کەسانەدا دەست ئەکەوێ و ئەو میوەی بە تەبەڕڕوک لەناو خۆتانا بەشی بکەن. ئەمەی وت و هەڵی گرتە غار. ڕۆیی، کە گەیشتە بارەگا لە دانشمەندی پرسی پیاوەکەی لە ڕۆمەوە هاتبوو کوا؟ دانشمەند وتی نازانم.

لێی تووڕە بوو، وتی ئێوە چۆن موسوڵمانێکن؟ هاودینی خۆت لە ڕۆمەوە هاتووە، غەریب، بێجێگا و ڕێگا، بێ ئاو و نان، لێت نەپرسیوەتەوە. ئەبێ بچی بیدۆزییەوە لای تۆ میوان بێ هەتا ئەگەڕێتەوە بۆ ڕۆم. منیش لەناو لەشکرا بووم، کە ڕوانیم بەشوێنما ئەگەڕێن. منیان دۆزییەوە، بردمیانە ماڵیی دانشمەندیی پەردەدار، ئەویش دەستی کرد بە خدمەتکردنم. ڕۆژی ئاخر مەملەکەتێ فەتح کرابوو هەفت سەد بالەشیان بۆ هێنا. ئەمری کرد هەموویان دا بە من. منیش لە میحنەتەوە کەوتمە ڕاحەت و، لە نەگبەتەوە دەوڵەت ڕووی تێکردم، بووم بەم پیاوە کە ئەمبینی.

یەکێکی تر: پیاوێکی پیر لە بەغداوە دێت بۆ قەرەقروم لە سەرڕێگای قائان دائەنیشێ. کە قائان هات و چاوی بە پیرەکە کەوت بانگی کردە پێشەوە، وتی لەکوێوە هاتووی؟ پیرە وتی لە بەغداوە هاتووم، لەماڵا دە کچم هەیە، لەبەر فەقیری و ئیحتیاجی ناتوانم بەشوویان بدەم. قائان فەرمووی حاڵی خۆت بۆچی عەرزی خەلیفە نەکردووە؟ پیر وتی هەمووجارێ کە سەدەقەم لە خەلیفە داوا کردووە لە دە دینار زیاتریان نەداومێ، ئەم مێقدارەش لە نان و سەبزە زیاتری پێ نەکڕاوە. قائان فەرمووی هەزار بالەشی بدەنێ. نزیکان عەرزیان کرد ئەم مەبلەغە لەسەر ئەهالی «خەتا» ئەنووسین. وتی لە خەزێنە تەسلیمی بکەن. موافیقی ئەمر هەزار بالەشیان بۆ هێنا بۆیان دانا. پیر وتی من پیاوێکی پیر و بێهێزم لە دوو بالەش زیاتر ناتوانم هەڵبگرم. قائان وتی ئوڵاغ و ئەسبابی سەفەری بۆ ئامادە بکەن. پیر وتی بەم هەموو نیعمەتەوە من ناتوانم بگەمەوە وڵاتی خۆم، یا جەردە لێم ئەستێنێ یا لە ڕێگا ئەمرم، کچەکانم لەم نیعمەتە بێ بەش ئەبن. قائان فەرمووی دە سواری مەغول بۆ موحافەزە لەگەڵی بڕۆن. مەغولان لەگەڵ پیرە کەوتنە ڕێ بۆ بەغدا، بێچارە لە ڕێگا وەفاتی کرد. ئەم خەبەرە گەیشتەوە لەی قائان، پرسی ناو و نیشانەی خانووی خۆی گوتووە؟ عەرزیان کرد بەڵێ. ئەمری کرد بیبەنەماڵەکەی تەسلیمی کچەکانی بکەن وە پێیان بڵێن قائان سەدەقەی بۆ ئێوە ناردووە کە سەرفی جیازی و بووکیەتی خۆتانی بکەن.

کچێک لە خزمانی قائان بەشوو درا. ئەمری کرد سندووقێ مرواری بێنن. سندووقیان هێنا. قائان مەشغووڵی شەراب خواردن بوو، فەرمووی ئەم سندووقە لە خۆتان دابەش بکەن. کە بەش کرا حازران عەرزیان کرد ئەم مروارییە بۆ ئەو کچە هاتبوو ئەمرت کرد دابەش بکرێت، فەرمووی بچن سندووقێکی تر بۆ ئەو بێنن.

یەکێکی تر: ئەتابەکی فارس تەهەمتەنناوی تایبەتی برای خۆی بۆ خدمەت پادشا ئارد، لەناو دیارییەکیانا دوو قەڕابە مرواری تیا بوو. قائان زانی کە مرواری لای ئەوان زۆر بەقیمەتە، فەرمووی سندووقێ پڕ لە جەواهیر و مرواری حازر بکە. تەهەمتەن و حازرانی مەجلیس لە چاوپێکەوتنی هەموو موتەحەییر بوون. قائان فەرمووی ئەم مرواریانە بکەنە ناو پیاڵەی شەرابەوە، هەرکەسێ نۆبەتی هاتە سەر مروارییەکە بۆ خۆی هەڵگرێ بیکاتە کیسەی خۆیەوە.