ئۆکتای قائان کوڕی چەنگیز خان ١

لە «ڕوضە الصفا»وە
لە کتێبی:
گەنجینەی مەردان
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 5 خولەک  720 بینین

کە ئیرادەی خوا بەوە بوو ئیسلام ساڕێژ بێ، وە ڕەعیەت ڕوو بکاتە ئاسایش، چەنگیز خان لە نەخۆشیی مردنیا ئۆکتای قائانی کرد بە وەلیعەهد، لەپاش خۆی ئەو لەسەر تەختی سەڵتەنەت دانیشێ. ئۆکتایی قائانیش ئەیەویست ئەو وەزیفەیە بکەوێتە سەرشانی. ئاخری بە ڕجای وەزیران و ئەمیران وە براکانی پێیان قوبووڵ کرد کە جێنشینیی باوکی بێ. حازرانی مەجلیس و لەشکر و خدمەتکاران بەجارێ لە خدمەتیا کەوتنە سەر ئەژنۆو لەقەبیی «قائان» یان بۆ دانا. شازادەکان لەسەر عادەتی خۆیان لەڕووی ڕۆژدا سێ جار سوجدەیان برد.

ئەویش ئەمری کرد خەزێنەیی چەنگیز خان کە لە شەرق و غەربەوە کۆکرابووە، هێنایانە پێشەوە بەسەر خزمان و سەرداران و ئەهالی و بیگانە دابەشی کرد، فلسێکی بۆ خۆی نەهێشتەوە. کە لە بەخشش و عەتا فەراغەتی کرد، تەعامی بۆ ڕۆحی چەنگیز خان دروست کرد، فەقیرانی لی تێر کرد و هەموو گوناهباری عەفو کرد و لەشکری بە ئەترافا نارد ئەو شار و مەملەکەتانەی لە زەمانیی باوکیا وێران کرابوو ئاوا بکرێتۆ. ئۆکتای قائان پێش ئیران و تووران بوو، عەدالەت شیعار، موبارەک ئاسار، هیممەت بڵند، موحیب و دۆستی ئەهلیی ئیسلام، لای وابوو کە دینی ئیسلام لە هەموو دینەکان چاکترە. ئاوازەی سەخاو کەرەمی گەیشتبووە شام و میسرو ڕۆم. باغی ئارەزووی ئەهلی شەرق و غەرب لە بارانی فەیزی پێشووان و دوا کەوتووان بردبووەوە، بە واسیتەی ئەوە کە دنیا نیوەی بۆ خۆشییە وە نیوەی بۆ ناوچاکییە.

یەکێ لە دوشمنی ئیسلام هاتە خدمەتی وتی ئەمشەو چەنگیزخانم دی، لەخەودا پێی وتم بەکوڕی من بڵێ موسوڵمانان بکوژێ یەکێکی نەمێنێتەوە. ئەویش نەختێ ڕاوەستا، لێی پرسی چەنگیزخان خۆی ئەم قسەی پێ وتی یا بە تەرجومان؟ وتی هەر خۆی پێی وتم. قائان وتی تۆ زوبانی مەغولی ئەزانی؟ کابرا وتی نا. ئەمجا پێی وت چەنگیزخان غەیری زوبانی مەغول هیچ زوبانێکی نەزانیوە، کە واتە تۆ درۆ ئەکەی. ئەمری کرد لە باتیی موسوڵمان جارێ خۆی بکووژن. پیاوەکە جوولەکە بوو، بە جەزا کووشتیان.

عادەتی مەغول وابوو لە بەهارا، لە هاوینا دەستوپەل لە جۆگە ئاودا نەشۆن، بە زەرفی زێڕو زێو ئاو هەڵنەگرن، کراس و لیباسی شۆراو لە دەشتا هەڵنەخەن، چونکە ئەم ئیشانە بە عەقیدەی ئەوان ئەبێتە سەبەبی زۆری چەخماخە و برووسکە و بەفر و باران. مەوقیعەکەشیان وایە لە ئەوەڵی بەهار تا ئاخری هاوین ئەبێتە زۆری هەور و چەخماخە و، ئەهالیشیان لەو حەرەکاتە مەنع ئەکرد، چونکە شیددەتی برووسکە و گرمەی هەور بە دەرەجەیەک لە ترسا لەناو خانووش ئارامیان نەبوو. ڕۆژێک قائان لە ڕاو ئەهاتەوە موسوڵمانێکیان چاو پێ کەوت لەناو ئاودا خۆی ئەشووشت. لەشکر گرتیان، تەمایان بوو بیکوژن، وتی جارێ بمێنێ، منیش تاقەتم نیە بۆ سوئال و جواب، بیبەن ئیمشەو حەبس بێ، سبەینێ تەحقیقاتی ئەکەین کە بۆچ بێ ئەمری و بێ قانونی کردووە؟ موسوڵمانەکەی تەسلیم بە دانشمەندیی پەردەداری کرد کە شەو لای ئەو مەحفووز بێت و خۆیشی بە دزییەوە بالەشێ ئاڵتوونی نارد خستیانە ئاوەکەی کە مەلەی تیا کردبوو خەبەریشی بۆ نارد سبەی کە لێیان پرسی بڵێت کیسە پارەم کەوتبووە ناو ئاوەکە، چووم بۆی بگەڕێم، لەو کاتەدا قائان بە خۆی و لەشکریەوە هات بەسەرما، بۆم نەدۆزرایەوە. لەبەر پارەکەم کە لەکیسم نەچێ ئەم ئیشەم کردووە. کە چاوم بە لەشکر کەوت لەناو ئاوەکەدا شاردمەوە نەوەک لێم بستێنن. موسوڵمانەکە سبەی ئەم تەقریرەی دا. قائان وتی کەس ناتوانێ لە ئەمر و قانوونی ئێمە تەجاوز بکا. ناردیان بالەشەکەیان لە ئاوەکە دەرهێنا لای قائان دایان نا. وتی ئەم بێچارەیە لە ترسی پارەکەی ئەم ئیشەی کردووە. ئەمە فەقیرە بێعیلاجە. ئەمری کرد دە بالەشی تریان بۆ هێنا نەسحەتیان کرد جارێکی تر ئەم موعامەلەیە نەکا.

قائان زۆر حەزی لە سەیری پاڵەوان و زۆران بازی ئەکرد. هێندێ لە زۆرانبازیی عێراق و خوراسان چوون بۆ مەجلیسی قائان، خەباریان نارد بۆ لای چورماغوون کە پاڵەوانەکانی قائان ڕەوانە بکا بۆ «قەراقروم»ناوی تایبەت. چورماغوون سی ئوڵاغ ئالیک و خواردەمەنیی بۆ پاڵەوانەکانی خۆیان کە فیلەناوی تایبەت و مەحموودشاهـناوی تایبەت و ڕەفیقەکانیان بوون، ڕێکخست. ڕەوانەی کردن بۆ قەراقروم. قائان شکڵ و هەیئاتی فیلەی لەلا زۆر موناسب بوو، پێی خۆش بوو. ئەمیر ئیلچیگداناوی تایبەتی وتی حەیف بۆ ئەم مەسرەفە زۆرە کە بۆ ئێوە کراوە، هەمووتان خەسار کردووە. قائان وتی تۆ پاڵەوانی خۆت بێنە، ئەگەر سەرکەوتن پێنج سەد ئەسپت ئەدەمێ و ئەگەر ژێر کەوتن تۆ پێنج سەد ئەسپ بدە. لەسەر ئەم موقاوەلە قەراریان دا. کە شەو هات قائان فیلهی بانگ کرد. ئیشارەتی ساقییان کرد بە مەرامی فیلە بزووتنەوە. لەپاشا سوجدەی برد. عەرزی کرد موافیقی ڕەزای قائان ئیش ئەکرێ. ڕۆژی ئاخر ئێلچیگدای لە تاقمی خۆی پاڵەوانی هێنا، لەگەڵ فیلە کەوتنە زۆران بازی. ئەوەڵ جار پاڵەوانی مەغول فیلەی دا بە زەویدا. فیلە گوتی بە هەموو هێزی خۆت من ڕاگیر بکە. لەپاش ئەوە بەو حیلە و فێڵەی کە ئەیزانی پاڵەوانەکەی مەغولی وا دا بە زەویدا، دەنگی ئێسقانی بەدەنی هات. قائان چووە سەر زۆرانگرەکان بە فیلەی گوت دوشمنی خۆت چاک پارێزگاری بکەو، بە ئێلچیگدای وت چۆنە ئەسپ و ئالیکیان حەڵاڵە یا خەسارە؟ بنێرە پێنج سەد ئەسپ بێنن و ئینعام پێنج سەد بالەش بەو پێنج سەد بە مەحموود شاهـ و، بە ڕەفیقەکانیان یەکی سەد بالەش بدرێت.