بۆ پیرەمێرد

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  813 بینین
ئەی خامە بنووسە نامەیێکی ڕەنگین
بۆ خاوەنی خۆشەویستی ڕۆژنامەی ژین
چوارخشتەکییێ وەکوو کەلامی خەییام
پڕ بێ لە وتەی نازک و چەور و شیرین
پێ بێژە کە ئەو کەسەی کە عاسمان و زەوی
داناوە بە ڕێکوپێک و بەرزی و نەوی
ئەم بەندە لەمێژە ڕادەبوورێ عومری
لای خوا بە دوعای دەوامی تۆ ڕۆژ و شەوی
ئەی دڵ بگەشە کە وا گوڵاڵان گەش بوون
دەر سەوزە، بەهارە، شاخ و کێوان ڕەش بوون
زوو هەڵبسە بەشکە تۆیش بەشێک وەربگری
ئەو کۆمەڵە نووستبوون لە حەق بێبەش بوون
ئۆخەی کە ژیان ژیاوە ئەم جارە بە ژین
بۆ ئەم گوڵە برژانگمە لەباتی پەرژین
ئەی مامەی باخەوانی پیری وشیار
تۆ و کۆمەڵی پاسەوانەکانت ڕەببی بژین