مەست و پاسەوان

«وەرگێڕانی شیعری «مست و هشیار»ی پەروینی ئیعتیسامی بۆ زبانی کوردی»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  618 بینین
پاسەوانێ ڕێی بە مەستێ گرت و کێشایە پێش
مەست وتی کابرا بەرۆکم بەردە خۆ هەوسار نییە
پاسەوان پێی وت دیارە مەستی پێت لار دائەنێیت
جوابی داوە ڕێگە لار و لوێرە ڕەوتم لار نییە
پاسەوان پێی کوت هەتا ماڵی قازی بێ بڕۆین
مەست وڵامی داوە قازی نیوەشەو بێدار نییە
پاسەوان پێی کوت نزیکە ماڵی فەرماندار بچین
جوابی داوە ئێستە بۆ میسلی من و تۆ بار نییە
پاسەوان پێی وت لە مزگەوتا بە تا دارووغە دێت
مەست وتی ماڵی خودا جێی فاسق و بەدکار نییە
پاسەوان پێی ڕاگەیان پووڵێ بدە و دەرچۆ لە دەس
مەست وتی دیوانی حەق جێگای زەڕ و دینار نییە
پاسەوان تووند بوو وتی زوو ئەو کەواتە داکەنە
مەست وتی زۆر کۆنە شیتاڵی لە چڵکا دیار نییە
پاسەوان پێی وت بەهۆشی کوا کڵاو و مێزەرت؟
مەست وتی سەر عەقڵی بێ، بێ مێزەری هیچ عار نییە
پاسەوان پێی وت زبانت ڵاڵە هیندەت خواردووە
مەست وتی کەم بێژە، کەم یا زۆر بە تۆم هیچ کار نییە
پاسەوان پێی وت کە ئاگادار ئەکا تەنبیهی مەست
مەست وتی ئاگات لە کوێیە پیاوی ئاگادار نییە!